کەمیی ئەم ڤیتامینە دەکرێت یەکێک بێت لە هۆکارەکانی زۆربوونی شێرپەنجەی کۆڵۆن

گران جاف 22/04/2025

ئێستا رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن لە جیهاندا بە شێوازێکی بەرچاو زیادیکردووە، بەجۆرێک چیدی جێی سەرسوڕمان نییە ئەگەر گەنجانیش تووشی ببن.

لە چەند توێژینەوەیەکدا سەرنجخراوەتە سەر رێژەی ڤیتامین دی لەو کەسانەی نەخۆشییەکەیان هەیە و چەند ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر بەدیکراون.

توێژەران دەڵێن ئەو کەسانەی بە شێرپەنجەی کۆڵۆن دەستنیشانکراون، ئاستی ڤیتامین دی لە جەستەیاندا نزمە، لەگەڵ ئەوەی توێژینەوەی زیاتر پێویستە بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەم پەیوەندییە، بەڵام دەکرێت ئەم ئەنجامانە لە داهاتوودا یارمەتیدەربن لە کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون.

چەند توێژینەوەیەکی دیکەی وەکو ئەم دوو- توێژینەوەیە، ش دەریانخستووە کە کەمیی ڤیتامین دی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاددەکات و کاریگەریی نەرێنیشی دەبێت لەسەر چارەسەرەکانی شێرپەنجەکە.

هەربۆیە توێژەران دەڵێن لەوانەیە کاتی ئەوەبێت هەمووان پشکنینی ئاستی ڤیتامین دیی جەستەیان بکەن. لەگەڵ ئەوەی رێژەی ڤیتامینەکە لە جەستەدا تەنیا لەڕێگەی پشکنینی خوێنەوە دەردەکەوێت و یەکلادەبێتەوە، بەڵام بە گوێرەی توێژینەوەکان، نزیکەی ملیارێک کەس لە جیهاندا کەمیی ئەم ڤیتامینەیان هەیە.

ڤیتامین دی یەکێکە لەو ڤیتامینانەی فرمانی گرنگییان هەیە و رۆڵی لە تەندروستمانەوەی جەستە و دەرووندا هەیە، هەروەها رۆڵی لە دروستبوونی ئێسکی بەهێز، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و هاوسەنگکردنەوەی دەرووندروستیدا هەیە.

هاوسەنگردنەوەی رێژەی ئەم ڤیتامینەش دەکرێت لەڕێگەی خواردنی ئەو خۆراکانەوە بێت کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین دی وەکو هێلکە، سەلەموون، شیر و چەند خۆراکێکی دیکە، یان لە ڕێگەی وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکیی ڤیتامینەکەوە بێت، ئەمەش پێویستە لەژێر چاودێریی پزیشکدا وەربگیرێت.

گران جاف

22/04/2025