مەسعود بارزانی و وەزیرى دەرەوەی فەڕەنسا کۆبوونەوە
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژان نوێل بارۆ، وەزیرى دەرەوەی فەڕەنسا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەى بارودۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم و دۆخی سووریا و پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا کرد.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی ناوخۆی هەرێمى کوردستان و پێویستیی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم لە زووترین كات خرایە بەرباس و گفتوگۆ ، هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها باس لە بارودۆخی ناوچەكە و سووریا كراوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە سەرخستنی هەوڵەكان بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیری و یەكڕیزی نێوان لایەنە كوردییەكانی سووریا كراوەتەوە.
لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیی توركیا، مەسعود بارزانی هەنگاو و هەوڵەكان بۆ چارەسەری ئاشتیانەى لە توركیا بەرز نرخاند و ڕاشیگەیاند هەرێمی كوردستان هەمیشە ئامادە و پشتیوانی هەموو هەوڵێكە كە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بگەیەنێتە ئەنجام.
_
23/04/2025