مۆزەخانەی بەریتانیا رووبەرووی قەیران دەبێتەوە
لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە بەهۆی دزینی زیاتر لە دوو هەزار کەلوپەلی کۆن لە کۆکراوەکانیدا مۆزەخانەی بەریتانیا تووشی قەیران بووە.
ساڵانێکە مۆزەخانەی بەریتانیا وەڵامێکی بەهێز و بەرواڵەت تەواو و بێگەردی هەبوو بۆ نەگەڕاندنەوەی کەلوپەلی مێژوویی وڵاتانی دیکە: "کەس ناتوانێت وەک ئێمە ئەم میراتە جیهانیە بپارێزێت" ئەمە قسەی بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەکەیە، بەڵام تا دێت گومانەکان زیاتر دەبن.
دزیکردن یەکێکە لەو دیاردانە هەمیشە رووبەڕووی مۆزەخانی بەریتانیا دەبێتەوە کە نزیکەی هەشت هەزار پارچە شوێنەواری تێدایە، نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیەش تۆمارنەکراوون، ئەمە یەکەمجار نییە مۆزەخانەی بەریتانیا رەخنەی لێدەگیرێت، مێژوونووس لە سەنتەری نیشتمانیی فەرەنسی بۆ لێکۆڵینەوە زانستییەکان، کاترینا تیتی، باسی هەندێک رووداو دەکات کە گومان لەسەر لێهاتوویی مۆزەخانەی بەریتانیا درووستدەکات.
پاککردنەوەی دیڤین
مۆزەخانەکە لە کۆتایی سییەکانی سەدەی رابردوودا بە ئامێری بڕین، مەڕمەڕەکانی پاککردۆتەوە، بەو هۆیەشەوە مێژوو، رەنگ و شوێنەواری ئەو کەرەستانەی لابردووە کە لە مێژوودا بۆ دروستکردنی پەیکەرەکان بەکارهێنراوون. ئەم (پاککردنەوە)یە ماوەی 15 مانگ بەردەوام بوو، پاشان لە ئەیلوولی 1938 وەستێنرا. ئەم مژارە بۆ ماوەی 60 ساڵ بە نهێنی مایەوە بۆ ئەوەی زیان بە ناوبانگی مۆزەخانەکە نەگات، تاوەکو، ویلیام سانت کلێر، مێژوونووسی بەریتانی لە ساڵی 1998پاککردنەوەکەی دیڤنی ئاشکراکرد.
جۆزێف دیڤن، بازرگانی هونەر، دەوڵەمەندی دیار و پەیوەندیدار بە مۆزەخانەی بەریتانیاوە، بکەری ڕووداوەکە بوو، لە سەرەتادا مۆزەخانەکە راستی ئەم بابەتەی رەتکردەوە. بەڵام بەڵگەنامەکان بە نهێنی شیکارکران، راستی سەلمێندرا، ئێستا ئەو مەڕمەڕانە لە گەلەرییەکدا دانراوون و ناویان لێنراوە مەڕمەڕەکانی دیڤن!
ئابڕوچوون
لە میانی کۆنفڕانسێکی ساڵی 1999 لە مۆزەخانەکەدا ئامادەبووان ئازادکران دەست لە پەیکەرە کۆنەکان بدەن. زۆرێک لە ئامادەبووان ئەم هەنگاوەیان بە رێزنەگرتن لە شوێنەوارە مێژووییەکان زانی و مۆزەخانەکەیان بەجێهێشت. یەکێکی دیکە لە کێشە بنەڕەتییەکانی مۆزەخانەی بەریتانیا ئەوەیە، هەمیشە وڵاتان داوای گەڕاندنەوەی شوێنەوارەكانیان بۆ شوێنە راستەقینەکانی خۆیان دەکەن، بەڵام بەریتانیا رێگە نادات و خۆیشی لەم باسە بە دوور دەگرێت.
12/10/2023