عێراق خۆى بۆ رووبەڕووبوونەوەى قەیرانى کارەبا ئامادە دەکات
عێراق وردە وردە دەکەوێتە ناو گەرماوە، لە کاتێکدا دۆخى بەرهەمهێنانى کارەباکەى لە حاڵێکى باشدا نییە.
عێراق پێویستی به زیاتر له 35 ههزار مێگاوات كارهبا ههیه بۆ ئهوهی ماڵی زیاتر له 45 ملیۆن هاوڵاتیی رووناك بكاتهوه، ئێستا تواناى بەرهەمهێنانى تەنیا 17 هەزار مێگاواتى هەیە، کە بەهۆى راگرتنى هاوردەى غاز و کارەبا لە ئێرانەوە 15 بۆ 18 هەزار مێگاوات کورتهێنانى هەیە.
بەغداد، چەند رێکارێکى گرتووەتەبەر، تاوەکو دۆخى کارەباکەى لە قەیرانى تەواوەتى رزگار بکات، یەکێک لە رێکارەکان پێدانی قەرزە بە هاوڵاتییان بۆ دانانی سیستمی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە تیشکی خۆر، وەزارەتی کارەبا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پلانێکی ستراتیجی نیشتمانیی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی 12 هەزار مێگاوات کارەبا لە وزە نوێبوەکان.
عێراق وەک فريادڕەس لە هەندێک وڵاتى دراوسێ دەڕوانێت کە لەناو لیستى سزاکانى ئەمریکادا نین، تاوەکو لە رێگەیانەوە کارەبا بکڕێت.
یەکێک لە پرۆژەکان هاوردەى کارەبایە لە تورکیا. هاوردەکرنی گازی تورکمانستانیش وەک جێگرەوەی ئێران و بەستنەوەی تۆڕی کارەبا و گاز بە هەرێمی کوردستانەوە، رێکارەکانى دیکەى حکومەتى فیدراڵین.
هەر ئەوەندە نییە بەڵکو دەیەوێت لە سعودیەشەوە کارەبا دابینبکات و خۆی بەوڵاتانی کەنداویشەوە ببەستێتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە بەغداد لە دوو ساڵی رابردووەوە بە هێڵێکی کارەبای ئوردنەوە بەستراوەتەوە بەتوانای 150 مێگاوات کارەبا وەک قۆناغی یەکەم و لە دوا قۆناغدا بڕیارە 900 مێگاوات کارەبای لێوە بەدەستبهێنرێت.
ئێستا پرۆژەکە لە قۆناغی یەکەمدایە و بڕیارە لە قۆناغی دووەم کارەبای ئەنبار دابینبکرێت، پرۆژەکە بە وێستگەی روتبە بەستراوەتەوە کە شەش کیلۆمەتر لە خاکی ئوردنەوە درێژدەبێتەوە و بە 330 کیلۆمەتری خاکی عێڕاقدا تێدەپەڕیت تاوەکو ناوچەی روتبە، بەهۆی پرۆژەکە ئێستا سەرجەم مۆلیدە ئەهلییەکانی ناوچەکە لابراون.
25/04/2025