شەڕناخێوی؛ موزیکی فۆلکلۆری ناوچەی کرماشان
شەڕناخێوی جۆرێک موزیکی فۆلکلۆری ناوچەی کرماشانە، سەرەتا بە دەهۆڵ و زوڕنا ژەندراوە، مێژووەکەی سینە بە سینە هاتووە و دەڵێن لە ناوچەی ئەردەڵانیش ئەم موزیکە ژەندراوە، بەڵام 70 ساڵ دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە ئێستادا بە تەپڵ و نەی (تەپڵ و نایە) دەژەنرێت، موزیکێکی حەماسییە و بۆ بەرزکردنەوەی وزەی جەنگاوەران سوودی لێوەرگیراوە.
شەرناخێوی هەڵگری دوو چیرۆکە یەکێکیان کاتێک کوردەکان کەوتنە بەر شاڵاوی هێرشی داگیرکەران، هۆزە کوردییەکان کۆدەبوونەوە و پاڵەوانێک لە کوردەکان و پاڵەوانێکی بەرەی دوژمنیش (یاخود بە پێچەوانەوە)، بەرامبەر یەکتر دەوەستان، یەکێک بەسواری ئەسپ و ئەوی دی بە پیادە بەرەوڕووی یەک دەڕۆیشتن و رمبازێنیان دەکرد، لەم ساتەشدا موزیکی شەڕناخێوی دەژەندرا. ئەگەر کەسی پیادە لەو رووبەرووبوونەوەیەدا سەرکەوت، پێگەکەی دەگۆڕا و ئەسپەکە دەبووە موڵکی ئەم و کەسی بەرەی بەرانبەر کەسێکیان بە پیادە دەهاتە پێشەوە، بەمجۆرە رمبازێنەکە بەردەوام دەبوو لە هەمانکاتیشدا شەرناخێوی بەردەوام لە ژەنیندا بوو.
چیرۆکی دووەمی شەڕناخێوی، هەم لە ناوچەی موکریان و ئەردەڵان هەم بە گشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا کاتێک ژن بە ژن ئەنجامدراوە، شەرناخێوی لە هەردوو بەرەکەوە دەژەندرا، بەتایبەت لەو ساتەدا کە بوکەکان ئاڵوگۆڕیان پێدەکرا.
سەبارەت بە وشەی شەرناخێوی هەندێک لە ژەنیارە لە مێژینەکانی ئەو موزیکە فۆلکلۆرە دەڵێن بەواتای (شەڕی نابەرابەر دێت)، بەڵام لە فەرهەنگی (هەنبانە بۆرینە)ی هەژار موکریانی، هاتووە؛ وشەی شەڕناخێوی بە واتای "غارغارێن بە ئەسپ لە مەیداندا" دێت.
موزیکەکە ریتمێکی ٤/٤ی هەیە، (ریتمێکی خێرا)یە، تەنانەت ئەسپەکانیش لەگەڵیدا سەما دەکەن و دەلوشکێنن، ئەمەش هەیەجان بە مەیدانی جەنگ و جەنگاوەرانیش دەدات.
12/10/2023