ئۆزەل بۆ ئەردۆغان: یان دەستلەکارکێشانەوە یان هەڵبژاردنی پێشوەخت
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات، یان دەست لە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بکێشێتەوە، یان هەڵبژاردنی پێشووەختە ئەنجامبدات.
لەمیانەی بەشدارییکردن لە گردبوونەوەی جەماوەریی "گەل خاوەنداری لە ئیرادەی دەکات" لە مێرسینی باشووری تورکیا، ئۆزگور ئۆزەل، گوتی: "لە سەرانسەری تورکیاوە گەل یەک قسە بە ئەردۆغان دەڵێن، ئەویش ئەوەیە؛ پێت دەڵێن دەستلەکاربکێشەوە. دەستلەکارکێشانەوە شکۆیە".
ئۆزەل روو لە ئەردۆغان گوتى: "ئەگەر دەستلەکارناکێشیتەوە و بە پێویستی نازانیت، ئەگەر متمانەت بەخۆت هەیە، سندوقی هەڵبژاردن بهێنە و با گەل بڕیاربدات".
ئۆزەل پێشنیازێکی بۆ ئەردۆغان کرد و گوتی: "لێرەوە دەڵێم وەرە با رووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسیی ئەنجامبدەین و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەشێوەی راستەوخۆ دادگایی بکرێت، دواتر تێكڕای راپرسییەکان وەردەگرین، ئەگەر گەل باوەڕی بەوەکرد ئیمامئۆغڵو تاوانبارە، من دەستلەکاردەکێشمەوە و ئەگەر باوەڕیشی نەکرد تۆ دەستلەکاربکێشەرەوە. لە ئێستاشەوە تۆ 25% لە پێشەوە بە".
ئۆزگور ئۆزەل چەندین جاری دیکە داوای دادگاییکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپەی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بەشێوەی راستەوخۆ لەسەر تەلەڤزیۆن کردووە، بەڵام یەکەمجارە پێشنیازێکی لەوشێوەیە بخاتە بەردەم ئەردۆغان.
26/04/2025