پەیکەری(داود) بەڕێوەبەری خوێندنگەیەک ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە دەكات

بەڕێوەبەری قوتابخانەی (کلاسیک تالاهاسی) لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا، بەهۆی ئەوەی دایبابی چەند خوێندکارێک رەخنەی ئەوەیان گرتبوو کە لە وانەیەکی هونەردا پەیکەری (داود)ی (مایکڵ ئەنجێلۆ)ی نیشانی قوتابییان داوە و دەڵێن: "پەیکەری پۆڕنۆگرافیی نیشانی منداڵەکانمان دراوە".

ئەم بابەتە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیداهێنا و سەرۆکی شارەوانی فلۆرانس داریۆ ناردیلا، لە تویتێکدا بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی بچێتە ئیتاڵیا و بە شێوەیەکی کەسیی رێزی بگێرت، ناردێلا دەڵێت: "گاڵتەجاڕییە، هونەر لەگەڵ پۆرنۆگرافی تێکەڵاو بکرێت".

سیسیلی هالبێرگ، بەڕێوەبەری گەلەری ئەو ئەکادیمیایەی کە پەیکەری داود تێیدا هەڵگیراوە، سەرسوڕمانی خۆی لەو مشتومڕە دەربڕی و گوتی : "ئەو بیرۆکەیەی کە پەیکەری داود دەتوانێت پۆرنۆگرافی بێت، واتە تێنەگەیشتن لە ناوەڕۆکی کتێبی پیرۆز، تێنەگەیشتن لە کولتووری رۆژئاوا و تێنەگەیشتن لە هونەری رێنێسانس". هەروەها بانگهێشتی بەڕێوەبەر و دەستەی قوتابخانە و دایک و باوکی و خوێندکارانی کرد کە بێنە فلۆرانس و "داوێنپاکی" پەیکەری داود لە نزیکەوە ببینن.

داود یەکێکە لەو پێغەمبەرانەی لە کتێبی پیرۆزدا باسی لێوەکراوە و لە جەنگێکدا شکست بە گۆلیات دەهێنێت کە جەنگاوەرێکی بەهێزی فەلەستینی بووە، سەرکەوتنی داود بەسەر گۆلیاتدا. هێمای سەرکەوتنی خەڵکی ئیماندارە بەسەر بێئیماندا.

پەیکەری داود یەکێکە لە پەیکەرە هونەرییە بەناوبانگەکانی جیهان، هونەرمەندی ئیتاڵی مایکڵ ئەنجێلۆ، لەنێوان ساڵانی 1501 بۆ 1504 دروستیکردووە و بەرزییەکەی 5.70 مەترە و بەتەواوی رووتە.