بڕیارى کۆتایی دادگا لەبارەى "فێڵێک" کە لەژن و مێردێکى بەساڵاچوو کراوە
دادگایەکى تایبەتمەندى فەڕەنسا، دەیەوێت بڕیارى کۆتایی لەبارەى "فێڵێک"ەوە بدات، کە لە ساڵى 2010، لە ژن و مێردێکى بەساڵاچووى فەڕەنسى، لەلایەن کڕیارێکەوە کراوە.
ساڵى 2010 ژن و مێردێکى بەساڵاچوو، کە ئێستا لە هەشتاکانى تەمەنیاندان، لەلایەن کڕیارێکەوە، ماسكێکى گرانبەهایان، بە نرخێکى کەم لێ کڕاوە، بەڵام پاش ئەوەى ئەو ژن و مێردە زانیوویانە، نرخى ماسکەکە، 4.2 ملیۆن یۆرۆیە، نەک نرخى 150 یۆرۆ ئەمان بە کڕیارەکەیان فڕۆشتووە، سکاڵایان تۆمارکردووە.
دادگاى فەڕەنسا، پاش سکاڵاکە، کە لە 26ی ئازاری 2022 تۆمارکراوە بۆی دەرکەوتووە، نرخى ماسکەکە، 4.2 ملیۆن یۆرۆیە نەک 150 یۆرۆ، بۆیە بڕیاریدا ئەژماری بانکیی کڕیارەکە بلۆک بکات، تا ئەوکاتەی دۆسییەکە یەکلادەبێتەوە.
فرێدریک مانسات، پارێزەری ژن و پیاوە بەساڵاچووەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی رگەیاند، "کڕیارەکانم هەرگیز ئەم ماسکەیان بەم نرخە کەمە نەدەفرۆشت، ئەگەر بیانزانیایە کە پارچەیەکی زۆر دەگمەنە و بەهادارە".
ماسکەکە ئەفریقییە و کەلەپورێکى وڵاتى گابۆنە، پێکهاتووە لە دەمامکێکی دەستکرد، بەشێوەیەکی هونەریی دروستکراوە و بەشێک بووە لە کەلوپەل و شمەکی کۆنی ماڵی ئەو ژن و مێردە بەساڵاچووەی فەرەنسا.
مێژووى ماسکەکە، بۆ سەدەی نۆزدەهەم دەگەڕێتەوە، کە لەساڵی 1917 لە بارودۆخێکی نادیاردا، لەلایەن رێنی ڤیکتۆر، حاکمی کۆلۆنیالی فەڕەنسی (1873-1931) دەستیبەسەردا گیراوە، کاتێک گەشتی بۆ وڵاتی گابۆن ئەنجامداوە.
بۆ یەکلاکردنەوەى کێشەکە، دادگاکەى فەڕەنسا چەند دانیشتنێکى ئەنجامداوە، بڕیاریشە لە 31ی تشرینی یەکەم، بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات. بەدەر لە کێشەى نرخى ماسکەکە و بوونى سەرپێچییەکى یاسایی لە کڕینیدا، لە ئێستادا فرۆشتنى ئەو پارچە کولتورییە، کێشەیەکى دیکەى بەدواى خۆیدا هێناوە، ئەویش لێکەوتنەوەى ناڕەزایی ژمارەیەک چالاکوانی گابۆنییە، کە داوادەکەن ئەم کەلەپورە نیشتمانییە بگەڕێنرێـتەوە بۆ وڵاتەکەیان.
12/10/2023