کۆريای باشوور: 600 سەربازی کۆريای باکوور لە شەڕی ئۆکرانيادا کوژراون

ژمارەیەک سەربازی کۆریای باکوور
ژمارەیەک سەربازی کۆریای باکوور

پەرلەمانتارێکی کۆريای باشوور کە پسپۆڕی هەواڵگرييە رايگەياندووە، 600 سەربازی کۆريای باکوور، کە شانبەشانی هێزەکانی رووسيا بەشداربوون، لە شەڕی ئۆکرانيادا کوژراون.

لی سیونگ کیون، ئەندامی لیژنەی هەواڵگریی لە پەرلەمانی کۆریای باشوور، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسێکی هەواڵگریی وڵاتەکەی رايگەياند، قوربانییەکانی کۆریای باکوور کە هاوکاریی رووسیایان لە شەڕى دژ بە ئۆکرانیا کردووە، بە نزیکەی چوار هەزار و 700 کەس مەزەندە دەکرێت، نزیکەی 600 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی دوو هەزار سەربازی بریندارى کۆریاى باکوور لەنێوان مانگی کانوونی دووەم تاوەکو ئازار، بە رێگەی ئاسمانیی و شەمەندەفەر گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکەیان.

ئەو پەرلەمانتارەی کۆريای باشوور باسی لەوەشکردووە، تەرمی سەربازەکانى کۆریاى باکوور لە رووسيا سوتێندراون و خۆڵەمێشەکەيان گواستراوەتەوە بۆ کۆريای باکوور.

دەشڵێت، "کۆريای باکوور بە دوو قۆناغ 18 هەزار سەربازی بۆ پاڵپشتی هێزەکانی رووسيا لە کۆنترۆڵکردنەوەی هەرێمی کورسک ناردووە، لە مانگی ئازارەوە، کە مۆسکۆ زۆرينەی ناوچەکانی کۆنترۆڵکردووەتەوە، هێرشەکان خاوبوونەتەوە".

لی سیونگ کیون گوتيشی، "هەرچەندە پیۆنگ یانگ ئاماژەی بە ناردنی هێزی نوێ بۆ رووسیا نەکردووە، بەڵام ئەگەری ناردنی سەربازی ديکە بە تەواوی رەتناکاتەوە".