لە بەندەرەکانى عێراق ئەو کۆنتێنەرانەى ماددەى کیمیاییان تێدایە دووردەخرێنەوە
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، رێکارەکانى بۆ لابردنی ئەو کۆنتێنەرانە دەستپێدەکات کە ماددەی کیمیایی مەترسیداریان تێدایە لە بەندەرەکان، لەپێناو رێگرتن لە رووداوی هاوشێوەی تەقینەوەکەی بەندەر عەباسی ئێران.
دەستەی دەروازە سنوورییەکان رایگەیاندووە، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، لیژنەیەکی تەکنیکی پێکهێنراوە بۆ گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی و لابردنی ئەو کۆنتێنەرانە، کە ماددەی کیمیایی یاخود ئەو ماددانەیان تێدایە، وەک ماددەی مەترسیدار پۆلێندەکرێن.
لە پاش پشکنینی دەستەکە، دەرکەوتووە دوو لە کۆنتێنەرەکان لەو ماددانەیان تێدا بووە، کە بە ماددە مەترسیدارەکان پۆلێندەکرێن و دەستبەجێ گوازراونەتەوە بۆ دەرەوەی ناوچەکانی نیشتەجێبوون.
دەستەی دەروازە سنوورییەکان جەختیکردووەتەوە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی سەلامەتیی پیشەیی لە بەندەرەکان و جێبەجێکردنی یاسای پەیوەندیدار بە ژینگە و گومرگ .
سەبارەت بەو ماددانەی مەترسیی کەمتریان هەیە، بڕیاردراوە بگوازرێنەوە بۆ شوێنی دیاریکراوی هەڵگرتن کە بەگوێرەی ستانداردی جیهانی، چاودێرییان لەسەرە و هەڵدەگیرێن.
ئەم رێکارەی عێراق پاش تەقینەوە گەورەکەی بەندەری شەهید رەجایی لە شاری بەندەر عەباسی ئێران دێت، کە بەهۆیەوە 70 کەس گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە هەزار و 200 کەسیش برینداربوون.
01/05/2025