لە بواری پیشەسازیدا 2.25 میلۆن رۆبۆت بەکاردەهێنرێن

ژمارەیەک رۆبۆت لە کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبیل لە وڵاتی چین
ژمارەیەک رۆبۆت لە کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبیل لە وڵاتی چین

مليۆنان رۆبۆت لە جيهاندا لە کارگەکاندا بەشدارن لە دروستکردنی  ئۆتۆمبێل و ئامێرە کارەباييەکان و ئەو کەلوپەلانەی ژيانی مرۆڤيان ئاسانتر کردووە، رۆژانێک ئەو کارانە لەلايەن مرۆڤەوە کراون.

لە 20 ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو رۆبۆتانەی، کە بەکارهێنراون سێ هێندە زیادیکردووە و لە ئێستادا 2.25 ملیۆن رۆبۆتی پیشەسازی لە سەرانسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێت و پێشبينی دەکرێت لە 10 ساڵی رابردوودا بگاتە 20 مليۆن رۆبۆت.

بەگوێرەی داتا نافەرمييەکان لە ساڵی 2000ـەوە نزيکەی دوو مليۆن هەلی کار بەهۆى بەکارهێنانی ئامێرەوە لەدەستدراوە، پێشبينيدەکرێت تاوەکو ساڵی 2030، 375 مليۆن هەلی کار بەهۆی بەکارهێنانی رۆبۆتەوە لەدەستبدرێت، کە دەکاتە نزيکەی %14ـی هەليکار.

هەر بەگوێرەی داتاکان %70ـی ئەو کارانەی، کە دەکرێت لەداهاتوودا ئامێريان بۆ بەکاربهێنرێت، لەلايەن ژنانەوە ئەنجامدەدرێن.

پیشەکانى مامۆستایی، بواری پزيشکی و کارە خزمەتگوزارييەکانی وەک گارسۆن، کاشێر و پاکەرەوە و باخەوان، وەرگێڕان و ژمێرياریی، لەناو ئەو کارانەدان کە بە رێژەی جياواز دەکرێت لەلايەن رۆبۆتەوە ئەنجامبدرێن.

بەپێچەوانەی ئەو داتايانەشی باس لە لەدەستدانی هەليکار دەکرێت بەهۆی ئامێر و رۆبۆتەکانەوە، داتای ديکە هەن کە باس لە رەخساندنی مليۆنان هەليکار دەکەن بەهۆی ژيریی دەستکردەوە.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی پەیمانگەی ماکنزی لە شاری نيويۆرکی ئەمريکا، کە لە ساڵی 2024 ئەنجاميداوە، تاوەکو ساڵی 2030 ژيریی دەستکرد 20 بۆ 50 مليۆن هەليکار دەڕەخسێنێت.

پەیمانگەکە دەشڵێت، ژیریی دەستکرد پێویستی بە پسپۆڕانی شارەزا هەیە بۆ پەرەپێدان و جێبەجێکردن و پاراستنی ئەم تەکنەلۆجیایانە، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی هەلی کار لە چەندین بواردا وەک؛ پسپۆڕی بواری تەکنەلۆجیا، پڕۆگرامکردن و ئەو پسپۆڕييانەی، کە سیستمی ژیریی دەستکرد بەڕێوەدەبەن و دەیپارێزن.

بەگوێرەى توێژینەوەکان، دەکرێت رۆبۆتەکان بۆ کارکردن لە ژینگەیەکی مەترسیدار، یان ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە لەوانەیە زیانیان هەبێت بۆ مرۆڤ بەکاربهێنرێن، ئەوەش مەترسیی رووداوەکانی مردن و برینداربوونی مرۆڤ لەکاتی کاردا کەمدەکاتەوە.

کات چەمکێکی گرنگە لە ژينگەی کاردا و دەتوانرێت سوود لە ژيریی دەستکرد وەربگيرێت بۆ ئەنجامدانی کارە رۆتينييەکان بە کات و تێچوویەکى کەمتر، ئەمەش دەبێتە هۆی باشتر بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانێکی زياتر.

باس لەوەش دەکرێت، دەتوانرێت توانا مرۆييەکان کاری رۆتينی لەرێگەی ئامێر و رۆبۆتەوە ئەنجامبدرێن، بەڵام ناکرێت داهێنەربن و نوێگەریی بەديبهینن، هەربۆيە بيروڕای جياواز هەيە لەبارەی سوود و زيانەکانی بەکارهێنانی تەکنەلۆجيا لە بواری کارکردندا.