ئیسرائیل 20 هێرشى ئاسمانى کردە سەر سووریا

یەکێک لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا
یەکێک لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانى ئەمڕۆ شەممە زیاتر لە 20 هێرشی ئاسمانییان کردەسەر چەندین پێگە و شوێنى سەربازیی لەسەرتاسەری سووریا، لە کاتێکدا هەینى نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشقى بۆردوومانکردبوو.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە تۆڕێکی بەرفراوانی سەرچاوەی لە سەرانسەری سووریادا هەیە، دەڵێت زیاتر لە 20 هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر درعا، گوندەوارى  دیمەشق، حەما ئەنجامداوە و کۆگا و ناوەندە سەربازییەکانی کردووەتە ئامانج"، ئەمە جگەلە هێرشکردنە سەر گوندەوارى حەما و لازقییە.

روانگە هێرشەکانى بە "توندترین هەڵمەت لە سەرەتای ساڵەوە" ناوبردووە.

هاوکات سوپای ئیسرائیلیش پشتڕاستیکردووەتەوە کە ژێرخانی سەربازیی لە دەوروبەری دیمەشق و ناوچەکانی دیکەی سووریا کردووەتە ئامانج کە تاوەکو ئێستا ئیسرائیل لە شەڕدا لەگەڵیاندایە.

ئاژانسى فەرمیى سووریا "سانا" ئاماژەى بەوەکردووە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەرى شارى حەستا گوندەوارى دیمەشق، هاوڵاتییەکی سڤیل کوژراوە.

ئیسرائیل بەرەبەیانی رۆژى هەینی رایگەیاندبوو، هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەیەکی نزيك کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق، پاش هێرشەکە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەمە پەیامێکی روونە بۆ رژێمی سووریا، ئەوان رێگە بە بڵاوبوونەوەى هێزەکانی سووریا لە باشووری دیمەشق نادەن و رێگەش نادەن ببنە مەترسى لەسەر دروزەکان".

لە پاش رووخانی دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمەوە، ئیسرائیل کە بە گومانەوە سەیری دەسەڵاتە نوێیەکانی دیمەشق دەکات، سەدان هێرشی بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی سووریا ئەنجامداوە، بەپاساوى هەوڵدان بۆ رێگری لە گەیشتنی چەک بە دەسەڵاتە نوێیەکە، کە بە "جیهادخواز" ناوى دەبات.

هەروەها ئیسرائیل هێزی لەناوچەی لە چەکداماڵراوى بەرزاییەکانی جۆلان جێگیرکردوە.