ئیسرائیل: رێگری لە موشەکێک کرا کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو
سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانى ئەمڕۆ رایگەیاند، رێگرى لە موشەکێکى بالیستیکى کرد کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو، بەهۆیەوە زەنگى ئاگادارکردنەوە لە قودس و ناوچەکانی دیکەی لێدرا، ئەمریکاش بۆردوومانى حوسییەکانى کرد.
سوپاى ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکى کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام رایگەیاندووە "پاش لێدانی زەنگى ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل، رێگرى لە موشەکێک کرا کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو".
هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە شوێنی رێگری موشەکەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام لە 27 شوێنى ئیسرائیل لە ئیلاتەوە تاوەکو قودس زەنگى ئاگادارکردنەوە لێدراوە.
سوپای ئیسرائیل رۆژی هەینی رایگەیاندبوو، لە ماوەی 12 کاتژمێردا دوو موشەک کە لە یەمەنەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل ئاڕاستە کرابوون، رێگرییان لێکراوە. حوسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکانیان لە ئەستۆ گرت.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی سەبای سەر بە حوسییەکان لە یەمەن، بڵاویکردەوە شەوی هەینی، ئەمریکا هێرشیکردووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیى بەنی حەشیش لە پارێزگای سەنعا و بەڕێوەبەرایەتى خەب و شەعف لە پارێزگای جەوف.
بەگوێرەى میدیا عەرەبییەکان، ئەمریکا 24 جار بۆردوومانى چوار پارێزگاى یەمەنى کردووە، 10 لە بۆردوومانەکان لە خەب و شەعف لە پارێزگای جەوف بوون.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، گرووپی ئەنساروڵاى حوسییەکان بەردەوام موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکەن.
هەروەها لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، ئەوەش بە "پشتیوانی" بۆ فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە ناو دەبەن.
03/05/2025