لافاوەکەی لیبیا، شوێنەوارى نوێ دەردەخات

لافاوەکە گیانی هەزاران کەسی لە لیبیا کێشا و لە دوای خۆی وێرانەی بەجێهێشت، بەڵام لە شاری "سیرینی یۆنانی کۆن" کە لە نێو چیاکاندایە شوێنەوارى کۆنى دەرخست.

عادل بوفجارا، بەرپرسی بەشی شوێنەوارە ناوخۆییەکان لە لیبیا، گوتى "لافاوەکە بووەتە هۆی دەرکەوتنی شوێنێکی نوێ، کە کەناڵێکی ئاوییە".  بۆچوونی وایە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رۆمانەکان، ئەمەش بە"دۆزینەوەیەکی ناوازە" بۆ شارەکە ناودەبات.

عادل بوفجارا، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە لافاوەکە بووەتە هۆی کۆبوونەوەی قوڕ لە حەمامە کۆنەکانی یۆنانی لە شاری سیرین، کە پێویستی بەوە هەیە لەلایەن کەسانى شارەزا لەم بوارەدا پاکبکرێتەوە.

هۆشداریدا لەوەى رەنگە لافاوەکە مەترسی ژێرئاوکەوتنی زەوی ناوچەکەى زیاتر کردبێت، کە دواتر ببێتە هۆی داڕمانی یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکان.

بەرپرسی بەشی شوێنەوارە ناوخۆییەکان، دەڵێت: "زۆر دڵنیام و پێشبینیدەکەم یەکێک لەم شوێنە گرنگانە لە زستاندا بەهۆی زۆری ئاوی ژێر زەوی دابڕمێت".

زانایانی رێکخراوى پاڵپشتى کەشوهەواى جیهانى، کە گروپێکی توێژینەوەی نێودەوڵەتییە، دەڵێن گۆڕانی کەشوهەوا، بارانبارینى لە کاتی زریانەکاندا بە رێژەی لەسەدا 50 % زیادکردووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر میراتی کولتووری دروستکردووە.

سیرین، یەکێک بووە لە شارە گەورەکانی سەردەمی هێلینیستی یۆنانی کۆن، کە دواتر بووە ناوەندی سەرەکی رۆمەکان، تا ساڵی 365ی زاینی بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە وێران بووە. ئەم شوێنە دێرینە لە میراتی جیهانی یونسکۆ تۆمار کراوە.