دەقی بەیاننامەی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە هەولێر
بەیاننامەی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لەسەر گیانلەدەستدانی پزیشکی جوانەمەرگ شەهید د.قەحتان جیهاد سورچی و وەستانی پلەبەندی پزیشكی
بەڕێزان:
سەرۆکایەتیی هەرێم
سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێم
پەرلەمانی کوردستان
وەزارەتی تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکان
سەندیکای پزیشکانی کوردستان
دەزگاكانی راگەیاندن
بەڕێزان ئێمە وەکو پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی هەولێر لە رێککەوتی 10-4-2025 لەڕێی سەرۆکایەتی پزیشکانەوە کۆمەڵێک پێشنیار و داواکاریمان پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بە ناو و ئیمزای نزیکەی 300 پزیشکی نیشتەجێی خولاوی هەولێر.
بەڵام جێی داخە تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەفەرمی وەڵامی داواکارییەکانمانیان نەداوەتەوە.
داواکارییەکانمان رەنگدانەوەی دواین ڕووداوەکان و ئەو بارودۆخە چەقبەستووە نەخوازراوەیە کە تێی کەوتووین.
بۆیە دووبارە جەخت لەو داواکارییە رەوایانە دەکەینەوە، کە لە بەیاننامەکە ئاماژەپێکراوە، کە بریتییە لەمانەی خوارەوە:
وەکو ئاگادارن لە بەرەبەیانی رۆژی 2025/3/21 هاوپیشە و هاوڕێمان پزیشکی گەنج دکتۆر قەحتان جیهاد سورچی لەکاتی گواستنەوەی نەخۆش بە ئەمبوڵانس لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی مێرگەسۆر بۆ نەخۆشخانەی بلێ، لەڕێگادا بەهۆی رووداوی هاتووچۆ گیانی پاکی سپارد لەپێناو ڕزگارکردنی گیانی نەخۆشێکی بریندار.
گیانلەدەستدانی هاوڕێمان قەدەرێکی خوداییە، بەڵام ئەمە وامان لێناکات کە چاوپۆشی بکەین لە هۆکارەکانی پشت ئەم رووداوە دڵتەزێنە. دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستی دەکەین بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە راستی هۆکارەکانی پشت رووداوەکە، بەو هیوایەی ھەنگاوی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی ھاوشێوە.
تاوەکو د. قەحتانێکی ترمان لەدەست نەداوە، بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندرووستی و نەخۆشەکان، ئێمەی پزیشکانی گەنج کۆمەڵێک داواکاریمان هەیە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێز وەزیری تەندروستی، کە دڵنیاین ئەوانیش ئاگاداری کارەساتەکە و دۆخی گشتی پزیشکانی گەنجن و ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان:
یەکەم:
داواکارین وەکو وەفایەک نەخۆشخانەی مێرگەسۆر بە ناوی (د. قەحتان جیهاد سورچی) بکرێت کە لەکاتی ئەرکەکەیدا گیانی سپاردووە، و هەروەها بە شەهید ناونووس بکرێت و مووچەکەی بۆ خێزانەکەی خەرج بکرێت بە بێ هیچ لێبڕینێک.
دووەم:
پەلەکردن لە دامەزراندنی پزیشکانی تازە دەرچوو، بۆ ڕێگریکردن لە زیاتر تێکچوونی پڕۆسەی پلەبەندیی پزیشکان و پەککەوتنی سیستەمی تەندرووستیی نەخۆشخانە حکومیەکانی کوردستان. وە هەروەها ڕێگە چارەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەم ساڵی خزمەتکردنمان نەفەوتێ.
سێیەم:
درووستکردن و راهێنانپێکردنی تیمێکی پارامێدیک کە تایبەت بێت بە گواستنەوەی نەخۆش بە ئەمبولانس بۆ هەموو نەخۆشخانەکان، بۆ ئەوەی بۆشایی لە شوێنی پزیشک و کارمەندانی تەندرووستی لە نەخۆشخانەکان درووست نەبێت، وە هەروەها درووستکردنی لیژنەیەک لە پزیشکانی پسپۆر بۆ دیاریکردنی ئەو حاڵەتانەی کە بە شێوەیەکی زانستی پێویست دەکا پزیشک لەگەڵ ئەمبولانس بڕوات بەگوێرەی شوێن و حاڵەت.
چوارەم:
بە ستانداردکرن و بەرزکردنەوەی کوالیتی ئەمبولانسەکان کە تەواوی مەرجەکانی سەلامەتی و پێداویستییە پزیشکیەکانی تێدابێت بە شێوەیەک کە هاوتای ستانداردی جیهانی بێت، وە ڕاهێنان و چاودێری پیشەیی شۆفێری ئەمبولانسەکان بکرێت بە شێوەیەک کە سنورێک بۆ خێرایی لێخوڕین دابنرێت و کاریان تەنها لە تیژرۆیی کورت نەکرێتەوە، بەڵکو راهێنانی پزیشکییان پێ بکرێت.
پێنجەم:
بەهێزترکردنی پاسەوانەکان و هێزەکانی سکیورتی نەخۆشخانەکان بۆ ڕێگریکردن لە زاڵبوونی هاوەڵەکانی نەخۆش و دەستتێوەردانیان لە بڕیارە پزیشکییەکان، بە جۆرێک ڕێ خۆشبکرێ بۆ پزیشک و کارمەندانی تەندرووستی بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتی نەخۆشەکانیان بکەن.
شەشەم:
دانانی پزیشکی نیشتەجێی دێرینی فریاکەوتن لە هەموو ئەو نەخۆشخانانەی کە تاوەکو ئێستا تەنها پزیشکی نیشتەجێی خولاو ئێشکگری تێدا دەکات.
لە کۆتاییدا، دووبارە هاوخەمی و هاوسۆزیمان بۆ خانەوادەی خوالێخۆشبوو شەهید د. قەحتان جیهاد سورچی دەردەبڕین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ نەخۆش و کارمەندانی تەندرووستی و سەرجەم قوربانییانی ڕووداوە دڵتەزێنەکە دەخوازین.
هیوادارین شەهیدبوونی د. قەحتان ببێتە هۆی هاندانمان بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە کەرتی تەندرووستی کوردستان.
داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی ٧ ڕۆژدا وەڵامی ئەو تێبینی و داواکارییانەمان بدەنەوە و هەنگاوی کرداری بنێن بۆ جێبەجێکردنیان. بەپێچەوانەوە ناچار دەبین لە گرتنەبەری ڕێكاری مەدەنی تر.
پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی هەولێر
3-5-2025
ئەم بەیاننامەیە بە ناوی 298 پزیشك لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی هەولێر دانراون کە ئیمزایان کردووە و کۆدەنگن لەسەر ئەم بەیاننامەیە.
03/05/2025