سەلمان روشدی (چەقۆ) بڵاودەکاتەوە
چاپخانەی (پێنگوین راندم هاوس) بڵاوکەرەوەی کتێبەکانی سەلمان روشدی، رایگەیاند، ئەو نووسەرە بەریتانی-هندییە کتێبە نوێیەکەی بە ناوی (چەقۆ) تەواو کردووە و بڕیارە بەهاری ساڵی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە.
لە مانگی ئابی ساڵی 2022 سەلمان روشدی لە فێستیڤاڵێکی ئەدەبی لە نیویۆرک لە ئەمریکا نۆ جار بە چەقۆ لێیدرا و بە سەختی بریندار بوو. لەو هێرشەدا روشدی چاوی راستی لەدەستدا و دەمارێکی دەستیشی زیانی پێگەیشت.
لە مانگی بەفرانباری ساڵی 1988دا، خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و رێبەری ئەو سەردەمە، فەتوای کوشتنی سەلمان روشدی لەسەر نووسینی کتێبی "ئایەتە شەیتانییەكان" دەرکرد. دوای فەتواکەی خومەینی، سەلمان روشدی ناچار بوو ژیانێکی نهێنی بەڕێوە ببات. هەرچەندە لەساڵانی رابردوودا تاڕادەیەک ژیانێکی ئارامی هەبوو، بەڵام لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا جارێکی دیکە هێرشیکرایە سەر.
روشدی پێشتر رایگەیاندبوو دوای ئەم هەوڵی کوشتنە، خوێندنەوە و نووسینی بۆ قورس بووە. لەگەڵ ئەوەشدا خەریکی نووسینی کتێبێکە لەسەر هەمان بابەت.
روشدی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی كتێبە نوێكەیەوە ئاماژەی بەوە كرد؛ نووسینی ئەم کتێبە رێگەیەک بووە بۆ ئەوەی بە هونەر وەڵامی توندوتیژی بداتەوە، ئەمەش جۆرێکە لە بەرپرسیارێتی لای ئەو.
لە 25ی ئەیلولی ساڵی رابردوو، تەنها مانگێک دوای هێرشە سەرنەکەوتووەکەی سەر روشدی، دامەزراوەی "15 خورداد"ی ئێرانی نیو ملیۆن دۆلاری بۆ پاداشتی تیرۆرکردنی سەلمان روشدی زیادکرد، پاداشتەكەی لە 2.7 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 3 ملیۆن دۆلار زیاد كرد، ئەم کارە کاردانەوەی بەرفراوانی چالاکوانانی ماف و ئازادییە مەدەنییەکان و ناوەندەکانی نووسەران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی، لێکەوتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری (نیهار مالاڤیا) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بڵاوکراوەی (پێنگوین راندم هاوس) بڵاویکردەوە، "چەقۆ" کتێبێکی دڵتەزێنە و بیری هێزی وشەمان دەخاتەوە. شانازی دەکەین بە بڵاوکردنەوەیی و سەرسامدەبین بە ئیرادەی سەلمان روشدی بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو کارەی کە خۆشیدەوێت.
کتێبە نوێیەکەی سەلمان روشدی بە ناوی "چەقۆ" لە ئەمریکا لە 256 لاپەڕەدا چاپدەکرێت.
13/10/2023