پاش 27 ساڵ بکوژی توپاک شاکور دەستگیر دەكرێت
پاش نزیکەی 27 ساڵ لە کوژرانی راپەری بەناوبانگی ئەمریکی (توپاک شاکور)، پۆلیسی لاس ڤێگاس رایگەیاند؛ تاوانبارەکەیان دەستگیرکردووە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
کێڤن مەکمەهڵ، بەرپرسی هێزی پۆلیسی لاس ڤێگاس، رایگەیاند: "بۆ ماوەی٢٧ ساڵ، خێزانی توپاک شاکور لە چاوەڕوانی دادوەرییدا بوون. ئەمڕۆ دەستگیرکردنی (دووەین کیف دەیڤس) بەتاوانی کوشتنی توپاک شەکور، رادەگەیەنین.
توپاک شاکور راپەری بەناوبانگی ئەمریکی لە ساڵی 1971 لە نیویۆرک لەدایکبووە، لە شەوی حەوتی ئەیلولی ساڵی 1996 لە تەمەنی 26 ساڵیدا لە شەقامێکی لاس ڤێگاس لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دەستڕێژی گوللەی لێکرا و لە ئاکامدا گیانیلەدەستدا.
لێکۆڵینەوە لە کوشتنی توپاک لە تشرینی یەکەمی 1996 دەستیپێکرد و دوای ساڵانێکی زۆر لە کاری بەردەوامی بەشی تاوان، لە کۆتایدا، توانرا بکوژەکەی توپاک شەکور دەستگیربکرێت.

کەسی دەستگیرکراو ناوی (دوان دەیڤس)ە، ناسناوی "کیف دی"ی هەڵگرتووە، لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا بەناوی "ئەفسانەی شەقامی کۆمپتۆن" کە لە ساڵی 2019دا بڵاویکردۆتەوە، دانی بەوەدا ناوە سەرنشینی ئەو ئۆتۆمبێلە بووە کە بە شێوەیەکی دڕندانە تەقەیان لە توپاک کردووە، بەڵام رەتیکردۆتەوە دەمانچەی پێبوبێت. بەڵام پاش لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە دەیڤس سەرپەرشتی کارەکەی کردووە و هەر خۆیشی ئەنجامیداوە.
توپاک شاکور لە 16ی حوزەیرانی 1971 لە گەڕەکی هارلم لە شاری نیویۆرک لەدایکبووە. ساڵی 1991یەکەمین ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردەوە کە 500 هەزار (کاسێت)ی لێفرۆشرا، لەدوای کۆچی دوایی، پێنج ئەلبوومی دیکەی بڵاوکراونەتەوە کە سەرجەمیان بڕوانامەی پلاتینیۆمیان لە ئەمریکا وەرگرتووە، دواتریش گۆڤاری (رۆڵینگ ستۆن) شاکوری لە ریزبەندی 100 گەورەترین هونەرمەندی هەموو سەردەمێکدا داناوە.
13/10/2023