سەرچاوەى ئاوی حەسارى سەیدسادق لە وشکبوون نزیکە
سەرچاوەى ئاوی حەسار لە سەیدسادق بەهۆى کەمبارانییەوە لە وشکبوون نزیکبووەتەوە، پۆلیسی دارستانی شارۆچکەکە بە مەبەستى لەناونەچوون و پاراستنیان، پەنجەماسییەکانى ناوى بۆ دەریاچەی سیروان دەگوازێتەوە.
لەوبارەیەوە عەقید ئیسماعیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی سەیدسادق لە کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانیدا گوتی، ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە سەرچاوەى ئاوی حەسار نزیکە لە وشکبوون.
باسی لەوەشکرد، ژمارەی پەنجەماسییەکانی ئەو سەرچاوەیە زیاد لە 10 هەزارە و دەیانەوێت بیانپارێزن لە لەناوچوون.
سەرچاوەی ئاوی حەسار دەکەوێتە دامێنی شاخی سەید سادق. سەرچاوەی ئاوەکە لە چوار کانی پێکدێت و چوار بیریشی تیادایە بۆ دابینکردنی بەشێک لە ئاوی خواردنەوەی شارۆچکەی سەید سادق.
سەرچاوەی ئاوی حەسار بۆ بەخێوکردنی ماسی و کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە سوودی لێوەردەگیرێت.
شارەوانیی شارۆچکەکە لە ساڵی 2013 دا دیواری راگری بۆ سەرچاوەی ئاوەکە دروستکردووە.
لە ساڵی 2020 دا سەرچاوەی ئاوی حەسا لە سەید سادق بەهۆی وشکەساڵییەوە وشکی کرد و ماسییەکانی نێو سەرچاوەکە مرداربوونەوە.
ژینگەپارێزانی سەید سادق ساڵانە بەشێوەی خۆبەخش سەرچاوەکە پاکدەکەنەوە و داوا لە هاونیشتمانیان و گەشتیاران دەکەن، پاشماوەی سەیران و گەشتەکەیان لە دەوروبەری سەرچاوەی ئاوی حەسار بەجێنەهێڵن.
سەرچاوەی ئاوی حەسار پێشتریش لە ساڵی 1946 و هەروەها لە ساڵی 2000 دا وشیکردبوو.
04/05/2025