کازم ساهیر ئەلبومێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

کازم ساهیر گۆرانیبێژی ناسراوی عێراقی لە نۆڤەمبەری ئەمساڵدا ئەلبومە نوێیەکەی بە ناونیشانی (ستەمی لێمەکە) بڵاودەکاتەوە و راشیگەیاند؛ گۆرانی (ستەمی لێ مەکە) یەکێکە لە شیعرەکانی شاعیری کۆچکردووی عێراق (کەریم عێراقی).

جگە لە شیعری کەریم عێراقی، کازم جارێکی تر شیعری نزار قەبانی لەئەلبومەكەیدا بەکارهێناوە، ئەلبوومەکە لە 12 تراک پێکهاتووە، (میشێل فادێل)کاری دابەشکردنی موزیکی بۆ ئەنجامداوە.

لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (DW Arabia) کازم ساهیر رایگەیاند: "ئەلبوومە نوێیەکەم تەواو کردووە و لە 17ی تشرینی یەکەمدا دەچمە وڵاتی تورکیا بۆ وێنەگرتنی گۆرانی (وەفیە) لە شیعری (کەریم عێراقی) بۆ ئەوەی وەک یەکەم گۆرانی ئەلبوومەکەم بڵاویبکەمەوە".

(بێنچمارک) کە کۆمپانیایەکی سعودییە لە بواری ریکخستنی بۆنەکان و میدیادا کاردەکات و گرێبەستی لەگەڵ کازمدا هەیە، بە هاوبەشی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی ئەمریکی بەشداری لە بەرهەمهێنانی ئیەلبوومەکەی کازمدا دەکەن.

جگە لەوەش لە پلانی کازمدایە تا کۆتایی ساڵی 2023 شەش کۆنسێرت ئەنجامدەدات، لەوانە؛ کۆنسێرتێک لە 13 ئۆکتۆبەر لە ریاز، لە 24ی تشرینی دووەم لە عومان، لە 22ی کانوونی دووەم لە ئۆپێرای دوبەی و چەندین کۆنسێرتی دیکە.

کازم ساهیر لەدایکبووی 12ی ئەیلوولی 1957ی شاری (موسڵ)ە و نازناوی (قەیسەری گۆرانیی عەرەبی) لێنراوە، لە ئێستادا هەوادارەکانی چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی نوێترین ئەلبوومی دەکەن.