دژەتیرۆر لە سلێمانى ژمارەیەک کەس بە تۆمەتى داعش لە کەرکوک دەستگیر دەکات
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر لە سلێمانى رایگەیاند، بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنووری پارێزگای کەرکوک کردووە و ژمارەیەک کەس بە تۆمەتى پەیوەندى لەگەڵ داعش دەستگیرکراون.
دژەتیرۆر لە سلێمانى لە راگەیەندراوێکدا ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە، گوتى "لە ئۆپراسیۆنەکە توانرا ژمارەیەک تیرۆرست و تۆمەتبار دەستگیربکرێن کە پێشینەیان لەناو رێکخراوی داعش هەبووە و ئێستاش بەشێکبوون لە شانە ناچالاکەکانی رێکخراوەکە و کاری گواستنەوەی کەرەستە و پێداویستی لۆجستییان بۆ پاشماوە چەکدارەکانی رێکخراوەکە کردووە".
دژەتیرۆر لە سلێمانى، دەشڵێت "لە ئۆپراسیۆنەکەدا توانرا دەست بەسەر ژمارەیەک پارچە چەک و تەقەمەنی بگیرێت، هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەک مۆبایل و سیم کارد گیرا" کە بەگوێرەى راگەیەندراوەکە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک "تیرۆریستی" دیکە بەکارهاتبوو.
ئاماژەى بەوەشکردووە، پاش دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستبەجێ رادەستی یاسا کران بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست و یاسایی بۆ سزادانیان.
11/05/2025