زیانەکانی پەنجەمژین لەسەر تەندروستیی دەم و ددانی منداڵ چین؟

گران جاف 13/05/2025
د. ساوێن حەسەن، پزیشکی ددان
د. ساوێن حەسەن، پزیشکی ددان

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. ساوێن حەسەن، پزیشکی ددان، باسی لە زیانەکانی بەردەوامبوونی منداڵ لەسەر پەنجەمژین کرد و چەند شێوازێکی چارەسەری خستەڕوو.

یەکێک لەو خووانەی لە ناو منداڵاندا باوە و بووە بە دیاردە، پەنجەمژینە، گرنگە دایکوباوکان بە گرنییەوە لەم بابەتە بڕوانن، چونکە بەردەوامبوونی منداڵان لەسەر ئەم خووە زیانێکی زۆر بە تەندروستیی دەم و ددانی منداڵان دەگەیەنێت.

بە گشتی ئاساییە منداڵ تاوەکو تەمەنی دوو بۆ سێ ساڵی ئەم خووەی هەبێت و پەنجەی بمژێت، بەڵام ئاسایی نییە ئەگەر منداڵەکە تاوەکو تەمەنی پێنج بۆ شەش ساڵی یان تاوەکو هاتنی یەکەم ددانی شیریی بەردەوامبێت.

پەنجەمژینی بەردەوام هۆکارێکە بۆ ناڕێکبوونی ددانەکان، باریکبوونەوەی شەویلگەی سەرەوەی منداڵەکە، دروستبوونی ناڕێکی لە نێوان شەویلگەی سەرەوە و خوارەوە، گرفتی ئاخاوتن لە داهاتوودا، لەگەڵ ئەمانەشدا ئەم خووە دەبێتەهۆی برینداربوون و هەوکردنی ئەو پەنجانەی منداڵەکە بە بەردەوامی دەیمژێت.

چۆن دایکوباوکان وابکەن منداڵەکەیان ئەم خووە تەرکبکات؟

  • هاندانی ئەرێنی: گرنگە دایکوباوک بە بەردەوامی بە شێوازێکی ئەرێنی بە منداڵەکانیان بڵێن ئەگەر ئەم خووە تەرکبکەن ئەوا دیارییان بۆ دەکڕن و پاداشتیان دەکەن
  • سەرقاڵکردنی منداڵەکە بە یاریی دیکەوە بەتایبەتی لەو کاتانەی پەنجەی دەمژێت
  • ئەگەر منداڵەکە هەر بەردەوامبوو، ئەوا دەکرێت هەندێک بەربەستی تایبەت بەکاربهێنرێت کە لە دەرمانخانەکان بەردەستن، ئەم بەربەستانە لە پەنجەی منداڵەکە دەکرێت و منداڵەکە حەزی لێی نابێت، بەمەش ئەم خووەی کەمتر دەبێتەوە
  • ئەگەر هەر چارەسەرنەبوو، گرنگە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی راستکردنەوەی ددان یان پزیشکیی ددانی منداڵان بکرێت بۆئەوەی ئەم گرفتە چارەسەربکرێت..
گران جاف

13/05/2025