ئەمریکا باجى سەر چین بۆ 30% دادەبەزێنێت

وێنەی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی شاندی دانوستانکاری چین و ئەمریکا لە جنێڤی سویسرا
وێنەی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی شاندی دانوستانکاری چین و ئەمریکا لە جنێڤی سویسرا

ئەنجامی کۆتایی گفتوگۆ بازرگانییەکانی ئەمریکا و چین راگەیەندرا، هەردوو وڵات بڕیاریاندا شەڕی بازرگانیی نێوانیان کۆتایی پێبێت و باجە گومرگییە سەپێندراوەکانی نێوانیان بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵپەسێرن.

بەگوێرەی راگەیەندراوی هاوبەشی هەردوو شاندی دانوستانکاری بازرگانیی ئەمریکا و چین، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی باجەکانى نێوانیان بە رێژەی 115 خاڵ، بەمەش باجی ئەمریکا بۆ 30% و باجی چینیش بۆ 10% دادەبەزێت.

ئەوەش پاش ئەوە دێت مانگی رابردوو ترەمپ لە چوارچێوەی شەڕی بازرگانیدا، باجی 145%ـی لەسەر ئەو کاڵایانە راگەیاند کە لە چینەوە هاوردەدەکرێن، لە بەرامبەردا 10% باج لەسەر وڵاتانی دیکە دانابوو. چین وەڵامی دایەوە و باجی 125%ـی بەسەر کاڵای ئەمریکیدا سەپاند.

لە راگەیەندراوەکەى چین و ئەمریکدا ئەوەشخراوەتەڕوو، بڕیاری هەڵپەساردنی بەشێک لە باجە گومرگییەکانی نێوان هەردوو زلهێزی ئابووریی جیهان لە رۆژی 14ـی ئایاری 2025ـەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، پاش بڵاوبوونەوەی راگەیەندراوە هاوبەشەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گەیشتووینەتە رێککەوتن بۆ هەڵپەساردنی باجە گومرگییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بۆ ماوەی 90 رۆژ، ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتوون لەسەر کارکردنی بنیادنەرانە لەگەڵ چین دەربارەی ماددەی هۆشبەری 'فێنتانیڵ' و بەردەوام دەبن لە سەرلەنوێ هاوسەنگکردنەوەی بازرگانیان لەگەڵ چین.

سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتیشی، "هاوکات هەردوولا بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی باجە گومرگییەکان دادەبەزێنین، ئێمە لەگەڵ سەرجەم هاوبەشە بازرگانییەکانییەکانی دیکەش بەوجۆرە مامەڵە دەکەین، تاوەکو ئەوکاتەی هەوڵی نیازپاکی و بەشداری و گفتوگۆی بنیادنەر هەبێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە".

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، گوتی "دەیانەوێت چین بە رووی کاڵای ئەمریکییدا بکرێتەوە و لەگەڵ چین رێککەوتوون چیدیکە ناکۆکی بازرگانی لەنێوانیاندا دروست نەبێت".

هەروەها هێ لیفێنگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین گوتی، "هەردوولا رێککەوتین لەسەر دانانی میکانیزمێکی راوێژکاری بۆ پرسە بازرگانی و ئابوورییەکان، کەسایەتییە سەرەکییەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو میکانزمە دەستنیشانکرا، کە راوێژکاریی زیاتری پەیوەست بە  ناکۆکییە بازرگانی و ئابوورییەکان دەکەن، بە زووترین کات وردەکارییە پەیوەندیدارەکان رووندەکرێنەوە و راگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاودەکرێتەوە، کە لە کۆبوونەوەکاندا پێی گەیشتووین و پەیوەندییه بازرگانی و ئابوورییەکانی چین و ئەمریکا کاریگەریی گەورەی لەسەر سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووریی جیهان هەیە.

ماوەی دوو رۆژە شاندی دانوستانکاری ئەمریکا و چین لە جنێڤ سەرقاڵی گفتوگۆ و راوێژ بوون بۆ گەیشتن بەرێککەوتنێکی بازرگانی، کە بەهۆی سەپاندنی باجە گومرگییە نوێکانەوە، لە پاش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گرژی لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیاندا هەبوو.