حەماس بارمتە ئەمریکیی – ئیسرائیلییەکەی ئازادکرد

بزووتنەوەی حەماس عیدان ئەلیکساندەر هاوڵاتیی ئیسرائیلی-ئەمریکی ئازاد کرد فۆتۆ: AP
بزووتنەوەی حەماس عیدان ئەلیکساندەر هاوڵاتیی ئیسرائیلی-ئەمریکی ئازاد کرد فۆتۆ: AP

بزووتنەوەی حەماس ئێوارەی دووشەممە عیدان ئەلیکساندەر، هاوڵاتیی ئیسرائیلی-ئەمریکی کە لە غەززە بەدیل گیرابوو، ئازاد کرد.

کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی  حەماس لە كەرتی غەززە، لە ئاکامی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، هاوڵاتیی ئیسرائیلی-ئەمریکی عیدان ئەلیکساندەر کە لە غەززە بەدیل گیرابوو، ئازادکرد و رادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتیی کرد.

لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕەکەدا، عیدان ئەلیکساندەر لە باشووری کەرتی غەززە، بە دیاریکراوی لە خان یونس رادەستی خاچی سووری نێودەوڵەتیی کرا.

کەناڵی KAN، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئیسرائیل، تۆماری ڤیدیۆیی تایبەت بە ساتی رادەستکردنی عیدان ئەلیکساندەری بڵاو کردەوە.

هاوکات، نووسینگەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، پاش ئازادکردنی عیدان ئەلیکساندەر، بەنیازن رۆژی سێشەممە، تیمی دانوستکار رەوانەی قەتەڕ بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی دیکە کە تاوەکو ئێستا لەدەستی حەماسدا ماون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە گوتەی نووسینگەی نەتانیاهوو، بەرپرسانی ئیسرائیل لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوونەتەوە و لەبارەی هەنگاوەکانی دانوستان لەگەڵ حەماس بیروڕایان ئاڵوگۆڕکردووە.

دوێنێ بەرپرسی شاندی دانوستانکارى حەماس رایگەیاند، ئازادکردنی ئەو بارمتەیە لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانە دێت بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و کردنەوەی دەروازە سنورییەکان و گەیاندنی هاوکارییی مرۆیی بە کەرتی غەززە دەنرێن.

ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی حەماس راشیگەیاند، ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی دانوستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی و راگرتنی جەنگ و ئاڵۆگۆڕی بارمتەکان.

هاوکات ئادەم بولەر، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروبارى بارمتەکان رایگەیاندووە، بڕیارەکەی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکە، هەنگاوێکی ئەرێنییە و پێویستە تەرمی چوار بارمتەی دیکەی ئەمریکی کە لای بزووتنەوەکەیە، بگەڕێندرێنەوە.

ئازادکردنی ئەو بارمتە ئەمریکی – ئیسرائیلییە لەکاتێکدایە، بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس پێشتر رایگەیاندبوو، بەرپرسانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ، لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا دانوستانی راستەوخۆیان ئەنجامداوە لەبارەى ئاگربەست و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە.