بەڵگە فیلمێک فێستیڤاڵێکی فیلمی لە تورکیا هەڵوەشاندەوە

فێستیڤاڵی (پرتەقاڵی زێڕین) کە کۆنترین فێستیڤاڵی سینەمایی تورکیایە بەهۆی بەڵگە فیلمێک دەربارەی ئەو پاکتاوکردنانەی لە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 روویدا، هەڵوەشایەوە.

فیلمەکە لەسەرەتا لە فێسیڤاڵەکە وەرگیرا، بەڵام دواتر لە کێبڕکێکان دوورخرایەوە، ئەمەش زۆرێک لە دەرهێنەرانی  توڕەکرد و ئەم کارەیان بە (سانسۆر) ناوبرد و سەركۆنەیان کرد.

چیرۆکی بەڵگە فیلمەکە باس لە ژیانی مامۆستا و پزیشکێک دەکات لە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی 2016 لە کارەکانیان دوورخرانەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئەسۆشیەیتد پرێس، سەرۆکی شارەوانی ئەنتاڵیا رۆژی هەینی 29ی ئەیلوول چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی ئەنتاڵیای هەڵوەشاندەوە، بە بیانووی ئەوەی یەکێک لە بەڵگە فیلمەکان سیاسییە.

ئەحمەد بۆیاجیئۆغڵو، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە دەڵێت : "بەڵگە فیلمەکە لابراوە، چونکە دۆسیەی یەکێک لەو کەسانەی لە فیلمەکەدا بەشدارە هێشتا لە دادگا یەکلایی نەبۆتەوە.

ئەم روونکردنەوەیەی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە کاردانەوە و ناڕەزایەتی گەورەی لێکەوتەوە و 20 کەس وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە "سانسۆری ئاشکرا" لە بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکەدا، دەستیانلەکار کێشایەوە. پاش ئەوانیش 27 بەرهەمهێنەر و دەرهێنەریش کشانەوە.

فێستیڤاڵی (پرتەقاڵی زێڕین) لە ناوخۆی تورکیادا بە (کان)ناسراوە، ساڵی 1963 لە ئەنتاڵیا دامەزراوە و بە یەکێک لە فێستیڤاڵە رۆشنبیری و هونەرییەکانی تورکیا دادەنرێت، هاوکات کۆنترین فێستیڤاڵی سینەماییە لە تورکیا، ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەردا بەڕێوەدەچێت.