مۆزەخانە چییە؟
لە ئاستی مێژووی مرۆڤایەتییدا، مۆزەخانە بە یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەکان هەژماردەکرێت بۆ پاراستنی کەلەپوور و مێژوو، هەوێنی ئەم بەرەوپێشچوونە شارستانییەش، لە هەناوی میزۆپۆتامیادایە.

مۆزەخانەی ئێنیگالدی-نانا، کۆنترین و یەکەم مۆزەخانەیە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا کە تاوەکو ئێستا زانرابێت، شوێنی ئەم مۆزەخانەیە، دەکەوێتە ئوری دێرین، کە ئێستا پاشماوەکەی دەکەوێتە باشووری عێراقەوە.
مۆزەخانەی ئێنیگالدی-نانا، بەنزیکەی لە ساڵی 530 پێش زاین، لەسەر دەستی شازادە ئێنیگالی کچی نەبونیدۆسی پادشای بابل بنیادنراوە، مەبەست و ئامانجی سەرەکییش لەم مۆزەخانەیە، نمایشکردنی پارچە مێژووییەکان، ئاژەڵ و باڵندە و رووەکەکان بووە، بەدیاریکراوییش ئەو پارچانەی لە ناوچە جیاوازەکانی میزۆپۆتامیاوە بەرەو ئور هێنراون.

مەبەست و ئامانجی سەرەکیی لە بنیادنانی مۆزەخانە، بەسەر دوو ئاڕاستەدا دابەش دەبەن، یەکەمیان پاراستنی مێژوو و نمایشکردنیەتی، دووەمیشیان پیشاندانی دەسەڵات و زەنگینیی دەستەبژێرەکانە.
بەشێوەیەکی گشتی، لە ئاستی مێژووییدا، فەرماندە، پادشا و دەستەبژێرەکان مۆزەخانەکانیان بنیادناوە بەمەبەستی کۆکردنەوەی دەگمەنترین و جیاوازترین پارچەکان.

لە سەدەی 18، لە سایەی کاریگەریی رۆشنگەرەکانی ئەوروپا، مۆزەخانە لە بازنەیەکی داخراوی دەستەبژێرەکانەوە هاتووەتە دەرەوە و بووە بە بنیادێکی گشتی، کە بەمەبەستی: پەروەردە، فێرکردن، زانست و پاراستنی کەلەپوور و مێژوو بەکارهێنراوە.

کۆنترین مۆزەخانەی جیهان، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و دەرگاکانی کراوەن، مۆزەخانەی موزیۆ کاپیتۆلینۆیە لە رۆما، ساڵی 1471 لەسەر دەستی پاپا سیکستۆسی چوارەم دامەزراوە، تایبەتمەندییەکەشی بەوە دەناسرێتەوە، لە دەگمەنترین مۆزەخانەکانی قۆناغی چاخەکانی ناوەڕاست بووە، کە بەڕووی گشتییدا کراوە بووە و چەندین پارچەی کلاسیکی و رۆمانیی لەخۆگرتووە.

ئێستا، مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس، بەگوێرەی رووبەر، گەورەترینە لە ئاستی جیهاندا، رووبەرەکەی 72 هەزار و 735 مەتر چوارگۆشەیە، زیاتر لە 600 هەزار پارچەی جیاواز لەخۆدەگرێت، کە هەموویان نمایشناکرێن.

مۆزەخانەی سیمسۆنیان، زیاتر لە 154 ملیۆن پارچە لەخۆدەگرێت، لەوانە: بەردی مانگ، ئێسکی دایناسۆر و کۆی پارچە مێژوویی و سروشتییەکان.

لە سەرنجڕاکێشترین و نامۆترین مۆزەخانەکانی جیهان، بریتین لە: مۆزەخانەی هونەری خراپ لە ئەمریکا، مۆزەخانەی تەوالێتەکان لە هیندستان، مۆزەخانەی پرچی ژنان لە تورکیا و مۆزەخانەی شەعرییە لە ژاپۆن.

14/05/2025