وردەکاریی پرۆژەى رووناکى
لە پرۆژەی رووناکیدا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، سەرەتا وەک هەنگاوی یەکەم لەهەر گەڕەکێکدا پێویستە ژێرخانی کارەبای ئەو گەڕەک و ناوچانە نۆژەنبکرێنەوە، کە پرۆژەکەی تیادا جێبەجێ دەکرێت و دوای نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کارەبا و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرى، دەستدەکرێت بە کوژاندنەوەی مۆلیدەکان.
پرۆژەی رووناکی هەوڵی کۆکردنەوەی داتای سەرجەم هاوبەشانی کارەبا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەدات، کە تێکڕای ئەندامانی خێزان لە هەرێمی کوردستان بە چوار کەس دەستنیشانکراوە.
تۆمارکردنی داتاکان لە پرۆژەی رووناکیدا بە دوو شێواز ئەنجامدەدرێت، یەکەمیان بە شێوازی سەردانیکردنی تیمەکانە بۆ ماڵی هاوبەشانی کارەبا و تۆمارکردنی زانیارییەکانیان، دووەمیان بە شێوازی ئۆنلاینە و هاوبەشانی کارەبا خۆیان زانیارییەکانیان تۆمارد ەکەن.
رۆڵی مۆلیدە لە پرۆژەی رووناکیدا
تەواوی هەرێمی کوردستان زیاتر لە حەوت هەزار مۆلیدە بوونی هەیە، کە لەکاتی بڕانی کارەبای نیشتمانییدا، کارەبا دەدەنە هاونیشتمانییان.
لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆژەی رووناکی و جێبەجێکردنی لە چەند گەڕەکێکی شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، تاوەکو ئێستا 729 مۆلیدە لەو گەڕەکانەدا کوژێندراونەتەوە.
هەرچەندە مۆلیدە لەو گەڕەکانە دەکوژێندرێنەوە، کە پرۆژەی رووناکییان تیادا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام مۆلیدەکان لانابرێن و لەکاتی بڕانی کارەبای نیشتمانی لە پرۆژەی رووناکی بەهەر هۆکارێک بێت، دەستبەجێ مۆلیدەکان کارەبا دەدەنە هاونیشتمانییان.
ئەوەی جیاوازە لە سیستمی ئێستای کارەبای نیشتمانیی لە پرۆژەی رووناکی، ئەوەیە هاونیشتمانییان پارەی کارەبای مۆلیدە نادەن و پرۆژەکە خۆی گرێبەست لەگەڵ مۆلیدەکان دەکات.
سیستمی زیرەک و پرۆژەی رووناکی
لە سیستمی ئێستای کارەبای نیشتمانی، پشت بە پێوەری زیرەک دەبەسترێت لە پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانییان، واتا هەر هاوبەشێکی کارەبا تاوەکو 20 ئەمپیری پێدەدرێت، بەڵام لە پرۆژەی رووناکیدا کارەبا بێسنوورە و بەگوێرەى بەکارهێنانە، واتا تاوەکو هاوبەش کارەبا کەمتر بەکاربهێنێت، پارەی کەمتر دەدات و بە پێچەوانەشەوە راستە.
بڕی کارەی پێویست بۆ پرۆژەی رووناکی
بەگوێرەى زانیارییەکانی کەناڵ8، پرۆژەی رووناکی لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامداوە و رایگەیاندووە، دەتوانێت بە چوار هەزار و 200 مێگاوات، کارەبای 24 کاتژمێریى بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان چوار بۆ پێنج هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، لەو بڕە 1200 مێگاوات بە عێراق دەفرۆشێت، جگە لەوەش ناوبەناو بەرهەمهێنانی کارەبا بە چەند هۆکارێک کەمدەبێتەوە، گرنگترینیان هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و ئەنجامدانی پرۆسەی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی وێستگەی گازیی کۆرمۆر، کە 83%ـى کارەبای هەرێمی کوردستان لە رێگەی غازەوە بەرهەمدێت.
نرخی بەکارهێنانی کارەبا لە پرۆژەی رووناکی دا
لە پرۆژەی رووناکیدا بەگوێرەى رێژەی بەکارهێنانی کارەبا، هاوبەش پارە دەدات، واتا پێدانی پارە لەگەڵ زیادبوون و کەمبوونەوەی بەکارهێنانی کارەبا کەم و زیاد دەکات.
بەگوێرەى ئەو لێکۆڵینەوەیەی پرۆژەی رووناکی ئەنجامیداوە، بۆ خێزانێکی ئاسایی مانگانە 670 کیلۆوات/کاتژمێرێکدا کارەبا بەکاردەهێنێت، ئەگەر ئەو ماڵە بەگوێرەى سیستمی ئێستای کارەبا شێوازی پارەدانی مانگانەی بۆ هەژمار بکرێت، لەنێوان 10 بۆ 15 کاتژمێرە و ئەو بڕەی دیکەش بە مۆلیدە دابیندەکرێت، ئەوا ئەو پارەیەی پێویستە هاوبەشی کارەبا بیدات لە مانگەکەدا 53 هەزار دینارە بە کارەبای نیشتمانی و مۆلیدەوە.
بەشێوەیەک پارەی کارەبای نیشتمانیی دەکاتە 8000 هەزار دینار، ئەگەر سێ ئەمپیڕ مۆلیدەی هەبێت دەکات 45000 هەزار دینار.
بەڵام ئەگەر هەمان خێزان لە پرۆژەی رووناکیدا 400 کیلۆوات لەکاتژمێرێکدا کارەبا بەشێوەی 24 کاتژمێری بەکاربهێنێت، ئەوا لە مانگەکەدا 39 هەزار دینار دەدات.
هەروەها لە سێ مانگی یەکەمدا نزیکەی 50% داشکاندن بۆ هاوبەشانی پرۆژەی رووناکی دەکرێت و ئەو 39 هەزار دینارەی بۆ دەکرێت بە 19 هەزار دینار.
بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکە، ئەگەر ماڵێک دۆخی دارایی باش بێت بەشێوازی ئێستای کارەبا، مانگانە 670 کیلۆووات لە کاتژمێرێکدا بەکاربهێنێت، ئەوا مانگانە 65000 هەزار دینار پارەی کارەبا دەدات، بەشێوەیەک 12000 هەزار پارەی کارەبای نیشتمانی و 53000 کارەبای مۆلیدە.
بەڵام هەر هەمان خێزان لە پرۆژەی رووناکیدا 58000 پارەی کارەبا دەدات، لە سێ مانگی یەکەمیشدا داشکاندنی بۆ دەکرێت و ئەو بڕە دەبێت بە 29 هەزار.
بەگوێرەى ئەو لێکۆڵینەوەیەی پرۆژەی رووناکی ئەنجامیداوە، لە وەرزەکانی زستان و هاویندا خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، بە تایبەت لە وەرزی زستاندا رێژەی 40%ـی کۆی گشتیی کارەبای هەرێمی کوردستان بە بەکارهێنانی بۆیلەر و گەرمکردنی ئاو دەڕوات.
پرۆژەکە هەوڵدەدات شێوازی گەرمکردنی ئاو بگۆڕێت و بۆ ئەو مەبەستە بڕی 200 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات.
سیستمی سۆلار و گۆڕینی بۆیلەری کارەبایی بۆ غاز
پرۆژەی رووناکی دوو رێگەچارەی داناوە بۆ شێوازی گەرمکردنی ئاو لە هەرێمی کوردستان، یەکەمیان پێدانی پێشینەیە بە هاونیشتمانییان بۆ دانانی سیستمی سۆلار بەمەبەستی ئاو گەرمکردن، دووەمیش گۆڕینی بۆیلەری کارەباییە بۆ غاز.
لە پرۆژەی رووناکیدا تەنیا کارەبای ماڵان ناکرێت بە 24 کاتژمێر، بەڵکو کارەبای شوێنە بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازییە بچووک و گەورەکان و کەرتی میری دەکرێن بە کارەبای 24 کاتژمێریى.
لە پرۆژەی رووناکیدا نرخی کێلۆواتی کارەبا بۆ پرۆژە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی گشتیی کەمدەکرێتەوە، تەنیا نرخی کارەبا بۆ کەرتی میری زیاتر بووە.
نرخی کارەبای 24 کاتژمێر بۆ پرۆژەی بازرگانی و شوێنە میرییەکان بەمشێوەیە دیایکراوە:
شوێن نرخی ئێستا پرۆژەی رووناکی
بازرگانی 220 دینار 185 دینار
کشتوکاڵی 100 دینار 60 دینار
پیشەسازیی بچووک 205 دینار 160 دینار
پیشەسازیی گەورە 120 دینار 125 دینار
کەرتی میری 140 دینار 160 دینار
بەگوێرەى ئەو لێکۆڵینەوانەی پرۆژەی رووناکی ئەنجامیداوە، تەنیا لە رۆژانی هەینی و شەممەدا کە پشووی فەرمییە، کۆی گشتیی کارەبای نیشتمانیی زیاد دەکات، تەنیا کەرتی میری واتا وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان 10%ی کۆی گشتیی کارەبا بەکاردەهێنن، ئەمەش هۆکارى زیادکردنی نرخی کارەبای ئەو کەرتەیە.
14/05/2025