دیوانی تەمەنی ئەحمەد محەمەد بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەبێتەوە
لە رۆژی زمانی کوردییدا، ئەحمەد محەمەدی شاعیر، بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی دیوانەکەی بە زمانی ئینگلیزی، سەردانی کونسوڵی بەریتانیای کرد لە هەولێر.
بڕیارە بەم نزیکانە، دیوانی شیعریی ئەحمەد محەمەد، بە ناونیشانی تەمەن، بە زمانی ئینگلیزی، لە کوردستان، ئەوروپا و بەریتانیا، رێوڕەسمی ناساندنی بۆ بکرێت، ئەم دیوانە شیعرییە، لەلایەن وەرگێڕ فریا عومەر کاری وەرگێڕانی ئینگلیزی بۆ کراوە.
لای خۆیەوە، بەڕێز کونسوڵی بەریتانیا، ئەندرۆ بیزلی، پشتگیریی خۆی بۆ ئەم پڕۆژەیە دوپاتکردەوە و دەستخۆشی لە ئەحمەد محەمەدی شاعیر و وەرگێڕەکەی کردووە.
پاش وەرگێڕانی دیوانی تەمەنی ئەحمەد محەمەد، بۆ زمانەکانی ئیتاڵی، فەڕەنسی و سویدی، لە نوێترین دەستپێشخەرییدا، ئەم دیوانە بە زمانی ئینگلیزییش بڵاودەبێتەوە.

ئەحمەد محەمەد یەکێکە لە شاعیرە ناسراوەکانی کورد، زۆرێک لە شیعرەکانی لەلایەن چەندین هونەرمەندی بەتوانای کوردەوە کراون بە گۆرانی، زۆرێک لەو گۆرانیانەش لەناو یادەوەری گوێگراندا جێگەی خۆیان کردووەتە.
هونەرمەندانی وەک (كەریم كابان، ناسر رەزازی، عەدنان كەریم، ئاڤان جەمال، كەمال محەمەد، دیاری قەرەداخی، دانا غەنی، لەیلا فەریقی، هانی و کازم ساهیر، گروپی سەمفۆنی هۆڵەندی و گروپی بیگ بێندی هۆڵەندی) و چەندانی دیکە شیعرەكانی ئەویان كردووە بەگۆرانی.
ئەو شاعیرە خاوەنی چەندین نامیلكەی شیعرییە لەوانە: (عەشقباران، ئەستێرەباران، خۆزگەی وەریو، دەشتی نێرگز، وەرزی گۆچان، هەتاوی سارد).
15/05/2025