بەریتانیا ناوەندی گەڕاندنەوەی پەنابەران لە وڵاتی سێیەم دروستدەکات
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە سەردانێکدا بۆ ئەلبانیا رایگەیاند، بەنیازی دروستکردنی ناوەندی گەڕاندنەوەی پەنابەرانن لە وڵاتی سێیەم بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەیان رەتکراوەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راشیگەیاند، ئێستا لە گفتوگۆدان لەگەڵ چەند وڵاتێک بۆ دروستکردنی ناوەندی گەڕاندنەوەی پەنابەران لە وڵاتی سێیەم و ئەوەشی وەک چارەسەرێکی خێرا بۆ کێشەی پەنابەران پێناسەکرد، کە کێشەیەکی گەورەی لەمێژینەی بەریتانیا و ناوچەکەیە.
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتیشی، "ئەوە بەتەواوەتی قبوڵکراو نییە هەرکەسێک هەڵسێت و لەناو بەلەمێکی بچووکدا خۆی بگەیەنێتە بەریتانیا. من بەوردی بیرم لەوە کردووەتەوە، کە کۆنترۆڵی سنوورەکان وەرگرینەوە، ئەوەش بەمانەی ئەوە دێت، کە پێویستە هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆ لەناوبردنی ئەو باندانەی، کە بازرگانی بەم بابەتەوە دەکەن. لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هەڵمەتی دەستگیرکردنمان لە سەرتاسەری وڵاتدا دەستپێکردووە لە گەڵ هاوبەشەکانیشمان وەک عێراق لەهەماهەنگیداین کە پێشتر ئامادەییان نەبووە بۆ ئەو کارە. بەوهۆیەشەوە توانیومانە رێژەیەکی زۆر لە پەنابەران بنێرینەوە."
ستارمەر جەختیشیکردەوە، دەبێت ئەو پەنابەرانە دەستگیربکەن و پاشان رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی وڵاتان بکەن بۆ گێڕانەوەیان، ئەگەر بتوانن ئەوە بکەن بەڕێژەیەکی بەرچاو پەنابەرانی نایاسایی لە وڵاتەکەیان کەمدەکەنەوە.
ئەم هەنگاوەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو بڕیاری ناردنەوەی پەنابەرانی بۆ رواندا هەڵوەشاندەوە، کە حکومەتى پێشووی بەریتانیا دریکردبوو.
15/05/2025