وەزارەتى کارەبا: بڕە زیادەی پارەى کارەبا بەشێوەی کرێدیت دەگەڕێتەوە بۆ هاونیشتمانی

وەزارەتی کارەبای هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەو هاونیشتمانییانەی پێشتر بە نرخێکی زیاتر پارەی کارەباى 24 کاتژمێرییان داوە، بڕی زیادەی پارەکەیان بەشێوەى کرێدیت (رەسید) بۆ دەگەڕێندرێتەوە.

وەزارەتی کارەباى هەرێمى کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەى خستووەتەڕوو، بەشێک لە هاونیشتمانییان کە لە پێشوودا پرۆژەی رووناکییان پێگەیشتووە، بەگوێرەى نرخی ئەزموونیی پارەی کارەبایان داوە، بەڵام پاش ئەوەی بڕیار لەسەر نرخی کارەبا درا، بەراورد بە نرخە ئەزموونییەکەی پێشتر، نرخە فەرمییەکە کەمترە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بڕە زیادەیەی هاونیشتمانی خەرجیکردووە، بەشێوەی کرێدیت (رصيد) لە مانگەکانی داهاتوودا بۆیان دەگەڕێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژى 14ـى ئایارى 2025، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەى ئاسایی خۆیدا نرخى کارەباى پرۆژەى رووناکیى 24 کاتژمێریى پەسەندکرد.