وەزیری ژینگەی عێراق: کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت
وەزیری ژینگەی عێراق رایگەیاند، خۆڵبارینی عێراق هەم لە دەرەوەی وڵاتەکەوە دێت، هەم لە ناوخۆی وڵاتەکەوە، بەتایبەتی لەناوچەکانی باشووری وڵات و دەڵێت، ئێستا ساڵانە دووبارەبوونەوەی خۆڵبارین زیاتربووە.
هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە سلێمانی بە کەناڵ8ــی راگەیاند، عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئێران، سعودیە و کوەیت لە دانوستاندایە بۆ چۆنیەتیی رێگریکردن لە دیاردەی خۆڵبارین، کە دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی و کەمیی بارانبارین، جگە لەوەی بووەتە هۆکاری کۆچ و کەمبوونەوەی کاری کشتوکاڵی.
هەڵۆ عەسکەری گوتیشی، رێژەی دیاریکراوی بەبیابانبوون، بوونی نییە، بەڵام رێژەکە لە عێراقدا زۆرە و تاوەکو دێت زیاتر دەبێت، گوتیشی؛ ئەگەر لە هەرێمی کوردستان هەنگاو لەبەرامبەر دیاردەی خۆڵبارین نەگیرێتەبەر، روودانی زیاتر دەبێت، هەرچەندە ئێستا کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی سەوزایی لە بەشێک لە ناوچەکان بەباشی دەرکەوتووە.
وەزیری ژینگەی عێراق باسی لەوەشکرد، عێراق بەدەست کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە دەناڵێنێت، دەشڵێت، ژینگەی بەغدادی پایتەخت زۆر پیسبووە، هەرچەندە وڵاتێکی پیشەسازی زۆر گەورەش نییە.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە خراپەی ژینگە، دەڵێت، کاردەکەن بۆ تەرخانکردنی پارە لە سندوقی ژینگە تاوەکو دەستەیەکی چاودێری بۆ ژینگەی بەغداد دابنرێت و لەگەڵیدا سەنتەرێک دابمەزرێنن کە تیایدا زانیارییەکانی کەشوهەوا تۆماربکرێت.
وەزیری ژینگە ئەوەشی خستەڕوو، پلانیان هەیە بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و ساڵی پار لە کۆپ16 لە سعودیە، پارە تەرخانکرا بۆ چاندنی 10 ملیۆن نەمام، کە ئەوە وادەکات لە ساڵانی داهاتوو، زیاتر بەرگری بکرێت لە دیاردەی بە بیابانبوون، هەرچەندە بە گوتەی وەزیری ژینگە، ئەوە کارێکی هاوبەشە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئەو وڵاتانەشی خۆڵبارینی لێوەدەێت.
18/05/2025