زەکى شنگالى: کۆمەڵگەى ئێزدى پێویستى بە هێزێکە بیپارێزێت
زەکى شنگالى فەرماندە لە یەکینەکانى بەرخۆدانى شنگال، ناسراو بە "یەبەشە" لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 رایگەیاند، یەبەشە لە کۆمەڵگەى ئێزدى و لە کاتى هێرشى داعش بۆ سەر شنگال دروستکراوە و تاوەکو ئێزدى نەبێتە خاوەن سیستمێکى خۆبەڕێوەبەرى لە چوارچێوەى عێراقدا بەردەوامدەبێت.
گوتیشى "یەبەشە هێزێکى یاسایی و قبوڵکراوە لە عێراق و سەربارى کەمبوونەوەى مەترسییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستاش کۆمەڵگەى ئێزدى بۆ پاراستنى پێویستییەکى زۆرى بە هێزێکە".
فەرماندەی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال، لەبارەی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگالەوە، گوتی : "رێککەوتنەکە بەبێ بەشداریی ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدی کراوە، دەبێت حکومەتی عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەری شنگال گفتوگۆبکات، نەک هێزێکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان."
سەبارەت بە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ئەو فەرماندەیەی یەبەشە پێیوایە بانگەوازی ئۆجەلان راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر شنگال هەیە، دەڵێت "،بانگەوازی رێبەر ئاپۆ رێی لە هێرشی تورکیا بۆ سەر شنگال و رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان گرت".
21/05/2025