هاوڵاتییانی سووریا بە هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا گەشبینن و بە دەرفەتێکی مێژوویی دەزانن

جارێکی دیکە سووریا دەبێتەوە بە لانەکەی شارستانییەکان
جارێکی دیکە سووریا دەبێتەوە بە لانەکەی شارستانییەکان

هاوڵاتییانی سووریا بە گەشبینییەوە لە بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەیان دەڕوانن و بە ئەستەم باوەڕ دەکەن پاش ساڵانێکی زۆر وڵاتەکەیان لە سزا تاقەت پڕۆکێنەکان دەربازی بێت.

سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم مانگەدا ئەگەر بۆ سعودیە، قەتەڕ و ئیمارات دەستکەوت بووبێت، ئەوا بۆ سوورییەکان بە تامی دووبارە ژیانەوە دێت، پاش ئەوەی بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشقیدا.

بڕیاری هەڵگرتنی سزاکان، پێدەچێت بەشێک لە سوورییەکانی هاوشێوەی زینە شەهلا گریاندبێت و دەڵێت، ئێستا هەنگاویی کرداریی بۆ بووژاندنەوەی وڵات دەستپێدەکات.

زینە شەهلا دەشڵێت، "کاتێک هەواڵى هەڵگرتنی سزاکانی قەیسەرم خوێندنەوە، بە تایبەت پاش ئەو راپۆرتانەی لە چەند هەفتەی دواییدا بڵاوکرانەوە، بە توندی گریام، هەستمکرد ئەستەمە پاش ئەو هەموو ساڵە باوەڕ بکەم، لە کۆتاییدا هەنگاوی کرداری بە ئاڕاستەی بووژانەوەی وڵات دەبینین، هیواخوازین کەمترین گەندەڵی و زۆرترین دەستپاکی ببین تاوەکو سوود لە بڕیارى هەڵگرتنی سزاکان ببینین، چونکە ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ سووریا ".

ئەمریکا لە ساڵی 2011 و پاش هەڵگیرساندنی ئاڵۆزییەکانى سووریا، زنجیرەیەک سزای بەسەر دیمەشقدا سەپاند و دواتر لە ساڵی 2019 یاسای قەیسەری دەرکرد و هەموو ئەو سزایانەش ئابووریی وڵاتەکەیان بەرەو داڕووخان برد و خەڵکیش باجەکەدا.

جاسم هوەیدی هاوڵاتیی سووریایە و دەڵێت، "سزاکان گەلی سووریای وێران و ماندوکرد، 12 یان 13 ساڵ، نەخێر 14 ساڵ بەسەر ئازار و نەهامەتییەکاندا تێپەڕی، زۆرمان چەشتووە، ئەمڕۆ هیوامان بە خودا و بەرپرسانە، کە کار بۆ هەڵگرتنی سزاکان دەکەن، هەمووان گەشبینین و بە تێڕوانینی من جارێکی دیکە سووریا دەبێتەوە بە لانەکەی شارستانییەکان".

حکومەتى راگوزەرى سووریا پێشوازى لە بڕیارى هەڵگرتنى سزاکان کردووە و سوورییەکانیش چاوەڕوانن ماڵئاوایى لەو رۆژگارە تاڵانە بکەن کە بەهۆیەوە تواناى رایکردنى کاروبارەکانى رۆژانەیان نەبوو.

ئەدیب عەبدولقادر شۆفێری تاکسییە و گوتی، "سزا کۆنەکان کاریگەریی زۆر خراپییان لەسەرمان هەبوو، نرخی لیترێک بەنزین 25 هەزار لیرە بوو، نەماندەتوانی کارەکانمان بکەین و لەگەڵ هاوڵاتییاندا تووشی ئاڵۆزی دەبووین هەوڵماندەدا تێیان بگەیەنین گرانیی نرخی کرێی گواستنەوە بەهۆی گرانیی نرخی بەنزینەوەیە و هاوڵاتییان نەیاندەتوانی کرێی گواستنەوە بدەن و ئێمەش کارەمان پێنەدەکرا".

بەشێک لە سزاکان بۆ ماوەی 180 رۆژ هەڵدەگیرێن، وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا دەڵێت، دەرفەتێک لە بەردەست سووریایه، بەڵام مەرجی هەیە و رایدەگەیەنێت لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات و هەڵسەنگاندن بۆ هەنگاوەکانی بەرپرسانی دیمەشق دەکات.