وەزارەتی پەروەردە: لەمەودوا یەکەمەکانی 12ـی ئامادەیی ئاشکراناکرێن و رێوڕەسمیان بۆ رێکناخرێت
لەمەودوا یەکەم، دووەم و سێیەمی خوێندکارانی 12ـی ئامادەیی لە خوێندنی گشتی و تایبەت لە سەرجەم پەروەردەکان ئاشکرا ناکرێت، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، هیچ مەراسیمێکی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بۆ ئەو بابەتە رێکناخرێت.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە لە وەزارەتی پەروەردەوە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە کراوە، تیایدا هاتووە لەمەودوا، بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، هیچ جۆرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامنادەن و لەرێگەی سیستمی دیجیتاڵییەوە نمرەی قوتابییان و خوێندکاران رادەگەیەندرێت.
نووسراوەکە لەلایەن لیژنەی هەمیشەیی تاقیکردنەوەکانەوە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان کراوە و ئەوەشی تیاداهاتووە، هیچ پێوەرێک لەسەر ئاستی تاک بۆ ناساندنی ئاستەکانی (یەکەم، دووەم، سێیەم) و هیچ پلەبەندییەک راناگەیەندرێت و دەبێت هەموو پەروەردەکان پێوەی پابەند بن.
بەگوێرەی نووسراوەکە، لەگەڵ رانەگەیاندنی ئەنجامەکانیشدا هیچ جۆرە مەراسیمێکی خاڵاتکردن ئەنجام نادەن و ئامادەش نابن تیایدا، هەر کەسێکیش سەرپێچی ئەو بڕیارانە بکات، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، رێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویستی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بە کەناڵ8ـی گوت، بڕیارەکە خوێندنگە تایبەتەکانیش دەگرێتەوە و یەکەمەکانی ئەوانیش نابێت رابگەیەندرێن.
هەر لە درێژەی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا ئەوە هاتووە، هەڵسەنگاندنی قوتابخانەکان دەگۆڕێت و لەپاش راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەی خولی دووەم، نمرەکان دەبنە پێوەر بۆ دیاریکردنی ئاستی زانستیی قوتابخانە و خوێندنگاکان و پاشان ئەنجامەکان دەنێردرێنەوە بۆ پەروەردەی گشتی و پەروەردەی شارۆچکە و قوتابخانە و خوێندنگەکان.
بەگوتەی سامان سیوەیلی، ئەم هەنگاوە بۆ دروستکردنی کێبڕکێیە لەسەر باشترین بوون لەناو قوتابخانە و خوێندنگەکاندا، کە دیار نییە ئەم بڕیارە خوێندنگە ئەهلییەکان دەگرێتەوە یاخود نا.
لە هەڵسەنگاندنی مامۆستاشدا، وەزارەتەکە دەڵێت، نمرەی پێوانەیی تێکڕای ژمێرەیی، هەر بابەتێک لە پۆلی 12ـی ئامادەیی، لەپاش تەواوبوونی خولی دووەم، دەبێتە بنەمای هەڵسەنگاندنی مامۆستای بابەت.

25/05/2025