دادگا سزای سەر بکوژانی دۆسییەی نارین گورانی پەسەندکرد

نارین گورانى تەمەن 8 ساڵان
نارین گورانى تەمەن 8 ساڵان

دادگای دیاربەکر سزای بکوژانی نارین گورانی تەمەن هەشت ساڵانی پەسەند کرد، کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی سزادراون.

یەکەمین فەرمانگەی سزای سەربە دادگای تێهەڵچوونەوەی دیاربەکر، بە زۆرینەی دەنگ ئەو سزایانەی پەسەندکرد کە لەلایەن هەشتەمین دادگای سزا قورسەکانی شارەکەوە بەسەر بکوژانی نارین گوراندا سەپێندرا.

بکوژەکان کە سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراویان بەسەردا سەپێندراوە، بریتین لە یوکسەلی دایکی نارین، ئەنەسی برا گەورەی و سالمی مامی.

دادگای دیاربەکر سزای چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنیشی بەسەر بەختیار نەوزاددا سەپاندبوو، کە هەر لە سەرەتای دۆسیەکەوە، دانی بە شاردنەوەی تەرمەکەی نارین گوراندا نابوو، لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەوە سزاکەی پەسەندکرا.

رۆژی 21ـی ئابی 2024، نارین گوران، دواى گەڕانەوەی لە کۆرسی قورئانخوێندن لە گوندی چولی سەر بە شارۆچکەی رەزان لە پارێزگاى دیاربەکر، بێسەروشوێنبوو. پاش 19 رۆژ لە قەراغ ئاوێکی نزیک لە ماڵی خۆیان دۆزرایەوە.

پەیوەست بە رووداوەکە، زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەی نارین دەستگیرکران و دادگای دیاربەکر لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراوی بەسەر دایک و مام و براکەی ناریندا سەپاندبوو.