هۆکار و چارەسەرەکانی هەوکردنی پەنکریاس چین؟

گران جاف 29/05/2025
د. سەرکەوت لەتیف - پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر
د. سەرکەوت لەتیف - پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر

پەنکریاس ئەندامێکە و دەکەوێتە پشتی گەدە، ئەم ئەندامە رۆڵی لە هەرسکردن و رێکخستنەوەی رێژەی شەکری خوێندا هەیە. هەندێجار بە چەند هۆکارێکی جیاواز ئەم ئەندامە تووشی هەوکردن دەبێت.

لەم راپۆرتەدا، باس لەو هۆکار و چارەسەرانە کراوە کە د. سەرکەوت رەئوف، پسپۆڕی هەرس و جگەر، لە بڵاوکراوەیەکیدا باسی کردبوون.

هۆکارەکانی هەوکردنی پەنکریاس:

  • زۆر خواردنەوەی کحول
  • بەرزیی چەوریی سیانیی خوێن
  • گیرانی بۆریی زەرداو بەهۆی بەردەوە
  • گرفتی بۆماوەیی
  • زیادبوونی کالسیۆم

گرنگترین نیشانەکان بریتینلە:

  • ئازاری بەردەوام و توندی سک
  • پیسایی چەور و بۆن ناخۆش
  • تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە
  • دابەزینی کێشی جەستە بەهۆی خراپیی هەڵمژینی بەها خۆراکییەکانەوە

چارەسەرەکان چین؟

سەرەتا پێویستە لە ئەگەری هەبوونی ئەم نیشانانەدا، چارەخواز سەردانی پزیشکی پسپۆڕی هەرس و جگەر بکات، بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە.

ئەگەر هۆکارەکە بەردی زراو یان گیرانی بۆریی زراو یان پەنکریاس بوو، ئەوا لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە بەردەکە لادەبرێت یان بۆرییەکە دەکرێتەوە.

پاش ئەم نەشتەرگەرییە، گرنگە چارەخواز بە رێکوپێکی دەرمانەکانی بخوات و پەیڕەوی سیستمێکی خۆراکیی کەمچەوری بکات، هاوکات پێویستە شلەی زۆر بخوات و ژەمەکانی بچوک بن بەڵام زووزوو بخورێن.

ئەگەر حاڵەتەکە بەهۆی دەرمانێکەوە دروستبووبوو، ئەوا پێویستە لە ژێر چاودێریی پزیشکدا، دەرمانی چارەخوازەکە بوەستێنرێت یان بگۆڕرێت.

گران جاف

29/05/2025