لێکۆڵینەوە لە دۆسییەی شارەوانییەکانی جەهەپە بەردەوامە
لێکۆڵینەوەکان لە دۆسییەی ئەو شارەوانییانەى جەهەپە بەڕێوەیان دەبات بەردەوامە و، پەرلەمانتارێکی پێشووی جەهەپە، پێنج سەرۆکی شارەوانی و دەیان کارمەند و بەرپرسی شارەوانییەکانى سەر بەو پارتە زیندانیکران.
لە چەند رۆژی رابردوودا 38 سەرۆکی شارەوانی، بەرپرس و کارمەندی شارەوانییەکانی جەهەپە دەستگیرکران، پاش وەرگرتنی گوتەی سەرەتایی، بڕیاری زیندانیکردن بۆ کەسێکیان دەرکرا و کەسێکی دیکەش ئازادکرا، درەنگانی شەوی سێشەممە و بەرەبەیانی چوارشەممەش، لە دادگا گوتە لە 36 دەستگیرکراوەکەی دیکە وەرگیرا.
پاش وەرگرتنی گوتە، بڕیاری زیندانیکردن بۆ ئایکوت ئەردۆغدو، پەرلەمانتاری پێشووی جەهەپە، سەرۆکی شارەوانییەکانی بویوکچەکمەجە، گازی عوسمان پاشا و ئاڤجیلاری سەر بە ئیستانبوڵ و سەرۆکی شارەوانییەکانی جەیهان و سەیهانی سەر بە ئەدەنە دەرکرا، کە سەرجەمیان سەر بە جەهەپەن.
هاوکات بڕیاری زیندانیکردن بۆ 18 جێگری سەرۆکی شارەوانی و بەرپرس و کارمەندی دیکەی شارەوانییەکانی جەهەپە دەکرا و 14 کەسەکەی دیکەش بە مەرجی نەچوونە دەرەوەی تورکیا ئازادکران.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە هەڵمەتى یەکەمى دەستگیرکردنەکاندا، نزیکەی 100 کەس دەستگیرکران، لە ناویاندا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی ئیستانبوڵ و بەربژێری جەهەپە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمارى تێدابوو، دواتر 54 کەسیان زیندانیکران.
لە هەڵمەتى دووەمدا 52 کەس دەستگیرکران و پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵیان 18 کەسیان زیندانیکران. لە هەڵمەتى سێیەمیشدا 22 کەس دەستگیرکران و لەو ژمارەیەش 20 کەسیان خرانە زیندان.
لە هەڵمەتی چوارەمیشدا، 46 کەس دەستگیرکران و بڕیارى زیندانیکردن بۆ 25 کەسیان دەرچوو.
04/06/2025