راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە: نامەیەک ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارى راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە نادەستووریی و نایاسایی و سزادانی بە کۆمەڵی هاونیشتمانییان ناودەبات و داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات، پێداچوونەوە بە بڕیارى راگرتنی مووچەدا بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆی سەبارەت بە پرسی مووچەی مووچەخۆران و لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرێتی و فەرمانبەرانی گرێبەست کرد.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەکردووە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە و شەفافانە سەرجەم داتا و زانیارییەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان خستووەتەڕوو.
ئاماژەى بەوەشکردووە، لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 رێککەوتنی هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان واژۆکراوە بۆ دابینکردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ ئەویش پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدراڵی.
بەگوێرەى راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختلەوە دەکاتەوە، نابێت لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا قووتی مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان بۆ هەشت مانگی داهاتوو رابگیرێت بە تایبەتیش کە چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی قوربان، بۆیە حکومەتی فیدراڵ بەم بڕیارە سیاسییەی گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێمى کوردستان و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاونیشتمانییانە.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە نا دەستووریی و نایاسایی ناودەبات و داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، کە مەبەستى نووسراوەکەى 28ـى ئایارى تەیف سامییە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستووریی و یاسایی و داراییەکان روونبکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی لە چوارچێوەی دەستوور بکرێت.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری بۆ کوڕ و کچى شەهیدان و زیندانییانی سیاسی بکات.
لە تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد، بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک سەبارەت بە کارمەندانی گرێبەست لەسەر بودجەی پەرەپێدان.
04/06/2025