ئیسرائیل: تاوەکو دانوستانە ئەتۆمییەکان شكستنەهێنن هێرشناکەینە سەر ئێران

ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا دڵنیادەکاتەوە تاوەکو دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران شکست نەهێنن هێرشناکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران.
پێگەى ئەکسیۆسى ئەمریکى لەزارى بەرپرسانى ئیسرائیلەوە ئاشکرایکردووە، هەفتەى رابردوو شاندێکى ئیسرائیل کە پێکهاتبوو لە وەزیرى کاروبارى ستراتیجى، بەڕێوەبەرى مۆساد و راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی، سەردانى واشنتنی کردووە و پەیامى وڵاتەکەی گەیاندووەتە واشنتن و دڵنیایی داوە تاوەکو ئەو کاتەى دۆناڵد ترەمپ ئاماژە بە شکستى دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران نەکات، ئیسرائیل هێرشناکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئەو وڵاتە.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە چەند هەفتەى رابردوودا و هاوکات لەگەڵ بەردەوامى دانوستانە ئەتۆمییەکان، دەنگۆى هێرشى تاکلایەنەى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زیاتربوون، بەڵام دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هۆشداریی داوەتە سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیلى لە هەنگاوێکى لەو جۆرە.
ترەمپ گوتیشى لەوانەیە بە پەیوەندییەکى تەلەفۆنى هەڵوێستى بگۆڕێت بە تایبەت ئەگەر بزانێت دانوستانەکان بەرەوپێش ناچن.
بەگوتەى بەرپرسانى ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهوو، بە ترەمپى گوتووە گومانى هەیە لە سەرکەوتنى دەرفەتى دانوستانە ئەتۆمییەکان.
پێگەى ئەکسیۆس رۆژى چوارشەممە بڵاویکردەوە، ئێران کراوەیە بەڕووى رێککەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بنەماى دامەزراندنى یەکێتییەکى هەرێمیی بۆ پیتاندنى یۆرانیۆم بەمەرجێک بارەگاکەى لە تاران بێت.
بە گوێرەى راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانیش بڕیارە هەفتەى داهاتوو خولى شەشەمى دانوستانە ئەتۆمییەکانى نێوان تاران و واشنتن بەڕێوەبچێت.
06/06/2025