بازرگانیی عێراق: 3 ملیۆن و 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، پرۆسەى بەبازاڕکردنى گەنمى جوتیاران بەردەوامە و تاوەکو ئێستا سێ ملیۆن و 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە، دەشڵێت، وەرزی دروێنە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور نزیکە لە کۆتایی.
حەیدەر گەرعاوى، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە، رایگەیاند، پێشبینیدەکەن بەرهەمى گەنمى ئەمساڵ بگاتە پێنج ملیۆن تۆن و تاوەکو ئێستاش سێ ملیۆن و 400 هەزار تۆن بەبازاڕکراوە.
گوتیشى، لە پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق، لە بەغداد تاوەکو بەسرە، پرۆسەى دروێنه و بازاڕکردن لە رۆژى هەینییەوە تاوەکو نۆی حوزەیران کۆتایی دێت، جگەلە چەند شوێنێک کە ماوەى رۆژێک بۆ دوو رۆژیان بۆ درێژدەکرێتەوە بە گوێرەى ئەو بارهەڵگرانەى نۆرەیانگرتووە و هێشتا گەنمەکەیان بەتاڵنەکردووە.
گەرعاوى گوتیشى، لە ئێستادا بەبازاڕکردن لە پارێزگاکانی بەغداد، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە، کەرکوک و نەینەوا بەردەوامە، لە هەر سێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستانیش هەولێر و سلێمانی و دهۆک، لە 10ـی حوزەیران دەست بە بازاڕکردن دەکرێت.
بە گوتەى بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە، ئامادەکارییان بۆ وەرزی بەبازاڕکردن کردووە، بە بەرزکردنەوەی توانای عەمبارکردن و ژمارەیەک کۆگای نوێش لە پارێزگاکانى کەربەلا و ئەنبار دروستکراون، کۆی گشتیی بەرهەمى گەنمى عەمبارکراویش بۆ ئەمساڵ دەگاتە نزیکەی پێنج ملیۆن و 400 هەزار تۆن، بەمەش عێراق دەگاتە ئاستى خۆبژێوی.
روونیشیکردەوە، پارێزگای واست زۆرترین بەرهەمى گەنمى تیادا بەرهەمهێنراوە بە بڕی 543 هەزار تۆن.
07/06/2025