ڤێتەرنەرى سەیدسادق: کوشتارگەی سەیدسادق هیچ مەرجێکی تەندروستیی نییە

بێستون ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری هۆبەی ڤێتەرنەرى سەیدسادق
بێستون ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری هۆبەی ڤێتەرنەرى سەیدسادق

کوشتارگەیەک کەوتووەتە ناوجەرگەی شارۆچکەی سەیدسادقەوە و بۆنەکەی دانیشتووانی دەورووبەری کوشتارگەکەی بێزارکردووە، بەڕێوەبەری هۆبەی ڤێتەرنەرى شارۆچکەی سەیدسادق دەڵێت، کوشتارگەیەکی نوێ لە شارۆچکەکە دەکرێتەوە، هەربۆیە تاوەکو ئەو کاتە، کاری ئەم کوشتارگەیە بەردەوام دەبێت.

بێستون ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری هۆبەی ڤێتەرنەرى سەیدسادق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە نزیک گوندی هەیاس شوێن دیاریکراوە بۆ دروستکردنی کوشتارگەیەکی نوێ و کۆمپانیایەک سەرپەرشتیی دروستکردنی دەکات.

گوتیشى، کوشتارگەی سەیدسادق کێشەی زۆرە و هیچ مەرجێکی تەندروستیی تێدانییە، تەنیا ئەوەیە لەرووی پاکوخاوێنییەوە باشە و پزیشکی ڤێتەرنەرى ناهێڵێت ئاژەڵی نەخۆشی تێدا سەرببڕدرێت.

باسی لەوەشکرد، ئەم کوشتارگەیەی ئێستا هەیە، ئاوەڕۆکەی دەچێتەسەر چەمی چەقان و ژینگەی ناوچەکەی پیسکردووە، جگە لە پیسکردنی ئاوی ژێرزەویی، بۆنێکی ناخۆشی بڵاوکردووەتەوە و چەندین داواکاری لەلایەن هاونیشتمانییانەوە هاتووە بۆ لابردنی ئەو کوشتارگەیە.

ئاشکراشیکرد؛ لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە کوشتارگەی سەیدسادق، تەنیا 30 سەر ئاژەڵ کراوە بە قوربانی.

بەڕێوەبەری هۆبەی ڤێتەرنەرى شارۆچکەی سەیدسادق داوای لە هاونیشتمانییان کرد، هەرچەندە مەرجی تەندروستیی کوشتارگەکان کەمبن، بەڵام بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکان روو لە کوشتارگەکان بکەن، چونکە پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکرێت و پاشماوەکەی تەندروست کۆدەکرێتەوە و دەبرێتە شوێنی دوورە دەست نەوەک لە کۆڵان و شەقامەکان فڕێبدرێت.