جەڵتەی سییەکان چییە و هۆکارەکانی چین؟
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. بنار جەمال ئەمین، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی سییەکان و هەناسە، باسی لە جەڵتەی سییەکان کرد و هۆکارەکانی تووشبوونی خستەڕوو.
پزیشکەکە باسی لە جەڵتەی سییەکان کرد و گوتی "هاوشێوەی جەڵتەی دڵ، لە جەڵتەی سییەکاندا بۆرییەکی خوێنی سییەکان بە کڵۆیەکی خوێن دەگیرێت و کەسەکە تووشی جەڵتەی سییەکان دەکات".
پزیشکەکە باسی لەوەش کرد کە ئەمە حاڵەتێکی باوە و کەسانێکی زۆر تووشدەبن، بەتایبەتیش ئەو کەسانەی کە لە نەخۆشخانە خەوێنراون یان ئازاری سنگ و هەناسەتوندییان هەیە، ئەم کەسانە پشکنینی زیاتریان بۆ دەکرێت و دەردەکەوێت کە تووشی جەڵتەی سییەکان بوون.
بە گشتی دەکرێت بۆرییەکی گەورەی خوێن بگیرێت و ببێتەهۆی تێکچوونی کارەبایی دڵ و دابەزینی زۆری فشاری خوێن، بەڵام ئەگەر بۆرییەکە بچوکبێت لەوانەیە کەسەکە تەنیا تووشی ئازاری سنگ و هەناسەتوندی ببێت.
ئەو کەسانەی تووشی ئەم گرفتە دەبن، سەرەتا پشکنینێکی تیشکی ئاسایی بۆ سییەکانیان دەکرێت، پاشان پێویستە سی تی سکانی تایبەت بە بۆرییەکانی خوێنی سییەکانیان بۆ بکرێت، واتە هەموو پشکنینێکی سی تی سکان دەریناخات و پێویستە تایبەت بێت بە سییەکان.
لە پاش دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و دەرکەوتنی توندیی حاڵەتەکە، بڕیاردەدرێت کە ئایا کەسەکە پێویستە لە ماڵەوە بۆ ماوەی سێ بۆ شەش مانگ چارەسەر وەربگرێت، یان لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت و چارەسەری زیاتر وەربگرێت. هەندێجار لەوانەیە حاڵەتەکە ئەوەندە توندبیت، پێویست بکات نەشتەرگەریی کردنەوەی سنگ بۆ چارەخوازەکە بکرێت.
کێ مەترسیی تووشبوونی بە جەڵتەی سییەکان زیاترە؟
- ئەو کەسانەی کە شێرپەنجەی سییەکانیان هەیە
- ئەو کەسانەی هەوکردنی توندی درێژخایەنیان هەیە و جگەرەکێشن، خوێنیان خەست دەبێتەوە و تووشی جەڵتەی سییەکانیان دەکات
- ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و خوێنیان خەست بووەتەوە
- هەندێجار دەکرێت هۆکارەکەی نەزانرێت، لەم کاتانەدا پەنادەبرێتە بەر پشکنینی مۆخی ئێسکی کەسەکە
10/06/2025