تورکیا دەستگیرکردنی 273 قاچاخچی کۆچبەرانى راگەیاند
محەمەد عەلی 11/06/2025
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکرایکرد، لە زنجیرەیەک ئۆپراسیۆندا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بۆ سەر ئەو کەسانەی کاری قاچاخچێتیی بە کۆچبەرانەوە دەکەن، 273 قاچاخچی و هەزار و 22 کۆچبەریان دەستگیرکردووە.
یەرلیکایا لە پەیامێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆپراسیۆنەکان لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لە 51 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجامدراون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکراشیکردووە، لە ئۆپراسیۆنەکاندا 273 قاچاخچی کۆچبەران و هەزار و 22 کۆچبەر دەستگیرکراون. نووسیویشیەتی: "دادگا فەرمانی بەندکردنی بۆ 98 لە قاچاخچییەکان دەرکردووە و رێکارە یاساییەکان دژی ئەوانی دیکەش درێژەیان هەیە".
بەگوتەی عەلی یەرلیکایا، دەستیان بە کارەکانی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرەکان بۆ وڵاتەکانیان کردووە.
محەمەد عەلی
11/06/2025