ڕەوشەن بەدرخان.. سیمبولی زێڕینی خانمە ڕۆشنبیرەکانی کورد
ڕەوشەن بەدرخان، هاوژینی جەلادەت عەلی بەدرخان، یەکێکە لە دیارترین خانمە ڕۆشنبیرەکانی مێژووی کورد، ساڵی 1909 لە قەیسەری تورکیا لەدایکبووە.
زمانزان بووە
لە سایەی ڕاگواستنەوەی بەدرخانییەکاندا، ڕەوشەن و خانەوادەکەی، بەرەو شام گوازراونەتەوە و باوکی لە ساڵی 1915 كۆچی دوایی کردووە، بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی خوێندوویەتی.
ساڵی 1933، لە گۆڤاری هاوار، خزمەتێکی زۆری بە ڕۆشنبیری و پرسی کورد کردووە، یەکەم خانمی کوردە لەم گۆڤارەدا وتاری بە زمانی کوردی دیالێکتی کورمانجی بڵاوکردووەوە.

خزمەتی بە مافی ژن و کەلەپووری کوردی کردووە
پاش ئەندامبوونی لە ڕیزەکانی یەکێتیی ئافرەتانی سووری، هاوسەرگیریی لەگەڵ میر جەلادەت بەدرخان کردووە، پاش ساڵانێک و لە ساڵی 1965، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی زانست و ڕۆشنبیریی حەلەب.
وەکو مامۆستا و ڕۆشنبیرێکی سەردەمی خۆی، کاری بەردەوامی لەسەر بەدیهێنانی مافی خانمان کردووە، ساڵی 1957، یەکەمین ئافرەتی کورد بووە کە بۆ یەکەمین جار بەشداریی بکات لە کۆنگرەیەکی جیهانی، ساڵی 1971، وەکو ئەندامی فەخری بۆ کۆڕی زانیاریی کورد هەڵبژێردراوە، رایانسپاردووە لە ئیستانبووڵ، کار لەسەر چاپکردنی سەرچاوە، بەڵگەنامە و کتێبی کوردی بکات سەبارەت بە ئەدەب، زمان، مێژوو و کەلەپووری گەلەکەی.

باوەڕی بە توانای خانمان هەبووە
ساڵی 1972 بەشداریی کردووە لە کۆنگرەی سێی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، لە وتەیەکی بەناوبانگیدا دەڵێت؛ "یەکگرتنی گەلی کورد بدە بە من و منیش کوردستانێکی سەربەخۆت پێدەدەم"، هاوکات باوەڕێکی گەورەی بە توانای خانمان هەبووە، کە ئەرکی ژنی تەنیا نەخستووەتە پاڵ کابانێتی و خستنەوەی منداڵ، بەڵکو لەگەڵیدا ئاماژەی بە کارە گرنگەکانی ژن داوە لە بەرەنگاربوونەوەی نەزانین و پەروەردەکردنێکی دروستی منداڵ و خێزان.

ڕەوشەن بەدرخان، ساڵی 1992 لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا