دووگیانیی دووانە لەم رێگە باوەوە سەرکەوتوو نییە

گران جاف 12/06/2025
د. هودا ئەحمەد رەشید، پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون
د. هودا ئەحمەد رەشید، پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. هودا ئەحمەد رەشید، پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون، باسی لەوەکرد کە هەوڵدان بۆ دووگیانیی دووانە لەڕێگەی خشتە و پلانەوە هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە و چەند لێکەوتەیەکی ئەم جۆرە دووگیانییەشی خستەڕوو.

پسپۆڕەکە سەرەتا باسی لەوەکرد کە بە گشتی ئەو خانمانەی گرفتەکانی دووگیانی واتە کەمزۆکی یان نەزۆکییان هەیە و هۆکارەکەشیان سستیی هێلکەدانەکانیانە، لەڕێگەی دەرمانەوە هێلکەدانەکانیان چالاکدەکرێت، بەمەش هێلکە گەورەدەبێت و گرفتەکە چارەسەر دەبێت. بەڵام هەندێجار بە رێکەوت دوو بۆ سێ هێلکە گەشەدەکەن و دەپیتێنرێن و دووگیانیی دووانە یان سیانەیان لێدەکەوێتەوە، پسپۆڕان هەموو ئامانجیان ئەوەیە لەم جۆرە چارەسەرەدا خانمان تەنیا بە یەک منداڵەوە دووگیان بن و دووگیانیی دووانە و سیانە دروستنەبێت.

تەنانەت یەکێک لە پێوەرەکانی پێشکەوتنی سەنتەرە جیهانییەکانی منداڵی بلووری ئەوەیە کەمترین رێژەی دووگیانیی دووانە و سیانەیان تێدا تۆماربکرێت.

هۆکاری ئەوەی پسپۆڕان نایانەوێت ئەم جۆرە دووگیانییە دروستببێت ئەوەیە کە دووگیانیی دووانە و سیانە مەترسییان هەیە وەکو:

  • مەترسیی لەبارچوون زیاترە
  • مەترسیی لەدایکبوونی پێشوەخت زیاترە
  • دەکرێت ناهاوسەنگی لە نێوان گەشەی منداڵەکاندا هەبێت
  • مەترسیی شێواوییە زگماکییەکان زیاترە
  • خانمەکە مەترسیی تووشبوونی بە کەمخوێنی زیاترە
  • مەترسیی تووشبوونی خانمەکە بە شەکرەی دووگیانی و بەرزەفشاری خوێن زیاترە
  • لەکاتی منداڵبووندا ئەگەری خوێنبەربوونی خانمەکە زیاترە
  • لە پاش منداڵبوونیش ئەگەری گرفتە دەروونییەکانی وەکو خەمۆکی لە خانمەکەدا زیاترە

بەدەر لەمانە، هەندێجار ئەم دەرمانانە وادەکەن هێلکەدانەکان لە راددەبەدەر چالاکببن و گرفتی تەندروستیی زیاتر بە دوای خۆیاندا دەهێنن.

گران جاف

12/06/2025