مەبەست لە شلبوونەوە و تەسکبوونەوەی زمانەکانی دڵ چییە؟
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. حسێن موراد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە، باسی لە شێوازی کارکردنی دڵ کرد و دوو لە باوترین گرفتەکانی دڵی خستەڕوو.
پزیشکەکە سەرەتا باسی لەوەکرد کە دڵ لە چوار ژوور پێکدێت، دووانی سەرەوە کە پێیان دەگوترێت گوێچکەڵەکان، لەگەڵ دوو ژووری خوارەوە کە پێیان دەگوترێت سکۆڵەکان، لە نێوان ئەم ژوورانەدا زمانە هەن کە پەڕەی تەنکن و وەکو دەرگا کاردەکەن، بە کرانەوە و داخرانیان رێگە بە تێپەڕبوونی خوێن دەدەن و رێگری لە گەڕانەوەی خوێن دەکەن.
ئەگەر ئەم زمانانە لەکاتی کرانەوەدا گرفتیان هەبوو، ئەوا پێی دەگوترێت تەسکبوونەوەی زمانەی دڵ، ئەگەر لەکاتی داخراندا گرفتیان هەبوو، پێی دەگوترێت شلبوونەوەی زمانەی دڵ.
هەردوو گرفتی شلبوونەوە و تەسکبوونەوە سێ قۆناغیان هەیە، کەم، ناوەند و توند، بە گشتی تاوەکو حاڵەتەکە نەگاتە قۆناغی سێ، نیشانە لە کەسەکەدا دەرناکەوێت، هەندێجار لەوانەیە لە قۆناغی سێشدا نیشانە دەرنەکەوێت و تەنیان لەڕێگەی پشکنینی ئیکۆوە دەردەکەوێت.
%90ـی نیشانەکان کە لەم دوو حاڵەتەدا دروستدەبن لە دوو نیشانەدا خۆیان دەبیننەوە وەکو هەناسەتوندی و دڵەکوتێ.
چارەسەرەکانی شلبوونەوە یان تەسکبوونەوەی زمانەی دڵ زۆرجار لەڕێگەی گۆڕینی زمانەکە یان چاککردنەوەی زمانەکەوەیە، واتە پێویستە کەسەکە نەشتەرگەریی کراوەی سنگی بۆ بکرێت یان لەڕێگەی قەستەرەی دڵەوە بکرێت کە ئەمە بە پێشکەوتووترین رێگە دادەنرێت.
گرنگە چارەخوازان ئەوە بزانن کە زۆرینەی نەخۆشی و گرفتەکانی دڵ درێژخایەنن و چارەسەری یەکجارییان نییە، هەربۆیە نابێت بەبێ راوێژی پزیشکەکەیان واز لە بەکارهێنانی دەرمانەکانیان بهێنن، چونکە راستە سەرەتا هەست بە باشتربوون دەکەن بەڵام ئەگەر لە بەکارهێنانی دەرمانەکان بووەستن، لەوانەیە تووشی حاڵەتێکی توندتر ببن.
13/06/2025