کوتانی منداڵان لە هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟
لە بڵاوکراوەیەکدا، د. سۆران سابر عوسمان، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، باسی لە رۆڵی هۆشیاریی تەندروستی و پێشکەوتنی وڵات کردووە لە پرۆسەی کوتانی منداڵاندا.
بە گشتی ئەو وڵاتانەی هەژار و دواکەوتوون وەکو سوودان، سۆماڵ، چاد، ئەنگۆلا، یەمەن و ئەفغانستان، زۆر بە کەمی کوتان بۆ منداڵەکانیان دەکەن. بە پێچەوانەوە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان، زۆرترین کوتانی منداڵان دەکەن.
هەر وڵاتێک شەڕ و پێکدادان، گەندەڵی، خراپیی سیستمی تەندروستی و نەخوێندەواریی تێدابێت، رێژەی کوتانی منداڵان تێیدا کەمە. بە پێچەوانەشەوە خۆشگوزەرانی، پێشکەوتن، هۆشیاریی تەندروستیی تاک و تۆکمەیی سیستمی تەندروستی لە هەر وڵاتێکدا هەبێت، رێژەی کوتان تیایدا زۆرە.
بە گشتی عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کوتانی منداڵان تێیدا لە ئاستێکی نزمدایە، بەڵام ئەگەر باسی هەرێمی کوردستان بکەین، سەرەڕای ئەوەی ماوەماوە هەندێک کەس گومان و ترس سەبارەت بە سەلامەتیی ڤاکسین بڵاودەکەنەوە بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی زانستییان پێبێت، دەبینین کوتانی منداڵان لە ئاستێکی بەرزتر و باشتردایە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
هەروەکو دەزانین، چەندین نەخۆشیی کوشندە بەهۆی ڤاکسینەوە بنەبڕ کراون و کاریگەری و مەترسیی چەندین نەخۆشیی دیکەی کەمکردووەتەوە، هەربۆیە کوتان لە بواری پزیشکیدا یەکێکە لە گەورەترین دۆزینەوەکان.
14/06/2025