وشکەساڵی تەنگ بە عێراق هەڵدەچنێت
بەهۆی وشکەساڵییەوە، نزیکەی 68 هەزار کەس ناچار بوون ناوچەکانی خۆیان لەباشووری عێراق جێبهێڵن.
بەهۆی ئەوەی وشکەساڵی جێگەی بەشێکی زۆر لە سەوزایی و ئاوەدانی ناوچەی زۆنگاوەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتووە، بەشێکی زۆر لە دانیشتوانەکەی ناچاربوون، شوێنەکانی خۆیان جێبهڵێن.
لەوبارەیەوە وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و وشکبوونی بەشێکی زۆری ناوچەی زۆنگاوەکانی عێراق، 68 هەزار هاوڵاتی ناچاربوون شوێنەکانی خۆیان جێبهڵێن.
وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێت، کەمی ئاو بووەتە هۆی هەرەسهێنانی سیستمی ژیان لەناوچەی زۆنگاوەکانی عێراق و سەرتاپای ناوچەکە رووبەڕووی بە بیابانبوون و کەمبوونەوەی زەوی کشتوکاڵی بووەتەوە، بەشێوەیەک لەوەوبەر نموونەی نەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی ژینگە کەمبوونەوەی ئاو و سەرهەڵدانی دیاردەی بەبیابانبوون، وایکردووە، لەسەدا 68%ی خاکی ناوچەکە بۆ کشتوکاڵ نەشێت، جگە لەوەش زیادبوونی گەردەلول و خۆڵبارینی زۆر و زیادبوونی دیاردەی بە بیابانبوون، بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوچەکە بەرەو پارێزگاكانی دیكەی عێراق كۆچیان كردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، شارستانی زۆنگاوەکان تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە لەلای رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە نزیکەی 5 هەزار ساڵە دانیشتوانەکەی بە راوی ماسی و بەخێوکردنی ئاژەڵ، بە تایبەت گامێشەوە سەرقاڵبوون.

کەمبوونەوەی ئاوی زۆنگاوی حەبابش لە پارێزگای زیقاری باشوری عێراق. فۆتۆ: گوگڵ
بەگوێرەی پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق پێنجەم وڵاتی جیهانە لەناو لیستی ئەو وڵاتانەی گۆڕانکارییەکانی ژینگە زۆر کاریگەری لێکردووە، بەشێوەیەک لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، بەهۆی لافاوی هەردوو روباری دیجلە و فوڕاتەوە، نزیکەی 20 هەزار کیلۆمەتری ناوچە زۆنگاوییەکانی باشووری عێراق بە سەوزایی دادەپۆشرا، بەڵام لە ئێستادا پاشەکشەی کردووە بۆ 4 هەزار کیلۆمەتر.
وەزارەتی ژینگەی عێراق، هۆشداریدەدات لە کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتوانی ناوچەی زۆنگاوەکان، چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی هەرەمەکی زیاتر لە دەوروبەری شارەکان، پێرانەگەیشتن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بڵاوبوونەوەی هەژاری، تەشەنەکردنی بێکاری و ماددەهۆشبەرەکان، تێکەڵبوونی بە گروپە توندڕەوەکان.
راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو وشکەساڵەی بەسەر عێراقدا هاتووە، 40 ساڵە وڵاتەکە رەوشی وا خراپی بەخۆیەوە نەدیوە، بەشێوەیەک بووەتە هۆی کەمبوونەوەی لەسەدا 70%ی ئاوی زۆنگاوەکان.
لە دیارترین زۆنگاوەکانی عێراق، زۆنگاوی حەبابش و حوێزە و حەممارە، کە لەساڵی 2016وە رێکخراوی پەروەردە و کولتوور و فێرکردنی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ)، خستییە لیستی شوێنەوارە مێژووییەکانی جیهانەوە، کە رێکخراوەکە سەرپەرشتییان دەکات.
یەکەم سەردەمی وشکبوونی زۆنگاوەکانی عێراق
بەر لە 30 ساڵ لەمەوبەریش ناوچەی زۆنگاوەکان، لەسەر دەستی سەدام حسێن، سەرۆکی لەسەر کارلابراووی عێراق، رووبەڕووی یەکەم وشکبوون بووەوە، کاتێک بڕیاری وشککردنی ناوچە زۆنگاوییەکانیدا، کە بەهۆی جەنگی دووەمی کەنداوەوە لە ساڵی 1990، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە زۆربەی پارێزگاکانی باشوور سەریهەڵدا و ناوچەی زۆنگاوەکان بووە پەناگەیەک بۆ نەیارەکانی.
دوای روخانی رژێمی سەدام حسێن، جارێکی تر سەوزبوون و ژیانەوە بۆ ناوچەی زۆنگاوەکانی عێراق گەڕایەوە، کاتێک دەسەڵاتداران بڕیاریاندا بە لابردنی بەربەستەکانی بەردەم رێڕەوی روباری دیجلە و فوڕات، کە پێشتر بەناوچەی زۆنگاوەکاندا تێپەڕ دەبوو.
بەڵام پاش 20ساڵ، بەهۆی وشکەساڵی و زیادبوونی دیاردەی بە بیابانبوون و کەمبوونەوەی دابارینی باران، ئاستی ئاوی زۆنگاوەکان جارێکی دیکە کەمیکردەوە و بەشێکی زۆری وشکبوون.
عەلی قوڕەیشی، پسپۆڕی زۆنگاوەکان لە زانکۆی بەغداد، بە ماڵپەڕی (حورەی)ی ئەمریکی راگەیاندووە، لە ساڵی نەوەدەکانەوە، ئاستی ئاوی روباری فوڕات بەڕێژەی لەسەدا 50% کەمیکردووە، ئەویش بەهۆی دروستکردنی چەندین بەنداو لەلایەن تورکیا لەسەر رێڕەوی روبارەکە.
ئەوەی زیاتر رەوشی ناوچەی زۆنگاوەکانی خراپکردووە، تێکەڵبوونی پاشماوەی ماڵان و کارگە و ئاوی ئاوەڕۆ و نەخۆشخانەکانە، دەرمانەکانی قەڵاچۆکردنی مێرووە، بە ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فوڕات.
لەوبارەیەوە نەزیر عەبود فەزەع، مامۆستای زانکۆی بەغداد و پسپۆڕ لە بواری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە عێراق رایدەگەیەنێت، کاریگەریی کەلوپەلی نیشتوو و پاشماوەکان دەگاتە ناوچەی زۆنگاوەکان، دوای ئەنجامدانی چەند پشکنینێک بۆ ئاوی ناوچەکە، دەرکەوتووە چەندین ماددەی پیسبووی مەترسیداری تێدایە، بە تایبەت کانزا قورسەکان، کە زۆربەیان دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار.
بەهۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاو و قامیش و سەوزاییەوە، خاوەن گامێشەکان، ناچار بوون زۆربەی ئاژەڵەکانیان هەرزانفرۆش بکەن و بەشێکیان ناوچەکانی خۆیان جێبهێڵن، چونکە سەرچاوەی ژیان و گوزەرانیان نەماوە، کە خۆی دەبینییەوە لە بەخێوکردنی ئاژەڵ و راوی ماسی.

وشکبوونی زۆنگاوی حەبابش لە پارێزگای زیقاری باشوری عێراق. فۆتۆ: گوگڵ
دیارترین کاریگەرییەکانی وشکبوونی زۆنگاوەکان
لقی عێراقی، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راپۆرتی ساڵی 2022ی خۆی دەربارەی ناوچەی زۆنگاوەکان دەڵێت، بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوچەی زۆنگاوەکان، کۆچیانکردووە بۆ پارێزگاکانی بەسرە و بەغداد.
لە لایەکی دیکەوە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی وشکەساڵی و زیادبوونی شۆرەکات لە روبار و سەرچاوەی ئاوی زۆنگاوەکان، فشاری زۆر بۆ سەر بەخێوکردنی ئاژەڵ و راوی ماسی لە ناوچەی زۆنگاوەکان دروستبووە، چونکە دانیشتوانەکەی ئەو دوو شتە بە هۆکاری سەرەکی بەردەوامبوونی ژیان دەزانن.
راپۆرتەکە نووسیویەتی، مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023 بەهۆی وشکەساڵییەوە زیاتر لە 14 هەزار خێزان لە پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق، ناوچەی زۆنگاوەکانیان جێهێشتووە.
جاسم ئەسەدی، چالاکوانی بواری ژینگەی زۆنگاوەکان بە ماڵپەڕی (عەرەبی جەدید)ی راگەیاندووە، بە کەمبوونەوەی ئاو، زۆنگاوەکان بەهای ژینگەیی و ئابووری خۆیان لەدەستداوە، دانیشتوانەکەی هیچ بنەمایەکی بەهێزی ژیانیان بۆ نەماوەتەوە، سەرباری ئەوەی ناوچەی زۆنگاوەکان وەک بەشێک لە ناسنامەی نیشتیمانی سەیر دەکرێت، بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو رەوشە خراپەی بەسەریهاتووە، هیچ پرۆژەیەکی پەرەپێدان و وەبەرهێنانی راستەقینەی تێدا جێبەجێ ناکرێت.
پسپۆڕانی ژینگەی عێراق دەڵێن، بووژانەوە یان وشکبوونی زۆنگاوەکان، کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر کەشوهەوای عێراق، بە تایبەت پارێزگاکانی دەوروبەری زۆرنگاوەکان، بەشێوەیەک گەر زۆنگاوەکان پڕ و ئاو و سەوزبن، زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەری، پلەکانی گەرمییان 6 پلە کەمتر دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، بە تایبەت لە وەرزی هاویندا.
بەگوتەی ئەو پسۆڕانە گرنگترین چارەسەر بۆ رزگارکردنی زۆنگاوەکان لە وشكبوونی تەواو و بە بیابانبوون، رێککەوتنە لەگەڵ ئێران و تورکیا، بۆ بەردانەوەی بەشە ئاوی پێویست بۆ عێراق و، پاراستنی مافە ئاوییەکانی عێراقە لە هەردوو روباری دیجلە و فوڕات و لقەکانی، ئەو بابەتەش چیتر چاوەڕوانی دواخستن ناکات.

وشکبوونی بەشێکی زۆری زۆنگاوی حەبابش لە پارێزگای زیقاری باشوری عێراق. فۆتۆ: گوگڵ
17/10/2023