14ی حوزەیران رۆژی جیهانیی خوێنبەخشینە

رۆژی 14ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەکو رۆژی جیهانیی خوێنبەخشین دیاریکراوە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دانی بەمڕۆژەدا ناوە و پشتیوانی لێدەکات.
هەر ساڵە دروشمێکی فەرمی بۆ رۆژەکە دیاریدەکرێت و دروشمی ئەمساڵی رۆژەکە بریتییە لە: خوێن ببەخشە، هیوا ببەخشە: پێکەوە ژیانی ئەوانی دی رزگاردەکەین.
لە راگەیەنراوی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی تایبەت بەم رۆژەدا هاتووە: جیهان یادی رۆژی جیهانیی خوێنبەخشان دەکاتەوە، رۆژێک بۆ پێزانین دەربڕین بۆ ملیۆنان بەخشەر کە بێبەرامبەر خوێنی خۆیان دەدەنە کەسانی دی، ئەوانەی هەلی دووەمی ژیان دەدەنە خەڵکانی دی.
وەکو تەندروستیی جیهانی ئاماژەی پێکردووە، ئامانجەکانی کەمپەینی رۆژی جیهانیی خوێنبەخشین بریتین لە:
- بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک لەبارەی پێویستیی زۆری کۆمەڵگە بە بەخشینی خوێن و پلازما و راددەی کاریگەرییان لە پاراستنی ژیانی ئەوانی دی
- هاندانی دەستکردن بە خوێنبەخشین و بەردەوامیی بەخشینی ماوە ماوە، بۆ ئەوەی هەمیشە خوێنی پێویست بەردەست بێت بۆ ئەو تاکانەی کۆمەڵگە کە پێویستیان پێی دەبێت
- تیشکخستنەسەر سوودە تەندروستییەکانی خوێنبەخشین و کاریگەرییەکەی لە پاراستنی هاوسۆزی لە کۆمەڵگەدا
- هێنانەکایەی پشتیوانیی حکومەتەکان بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێنبەخشین و فەراهەمکردنی خوێن بۆ خەڵک لە هەر شوێنێکی جیهان کە پێویستیان پێیە
رۆژی جیهانیی خوێنبەخشین بۆ یەکەمجارلە ساڵی 2004 یادکرایەوە بە هاوبەشی چوار رێکخراوی نێودەوڵەتی کە بریتینبوون لە: رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەکانی مانگی سوور و خاچی سوور، فیدراسیۆنی نێودەولەتیی رێکخراوەکانی خوێنبەخشین و رێکخراوی نێودەوڵەتیی خوێنگواستنەوە.
14/06/2025