نرخی تۆنێک چیمەنتۆ لە سووریا بەرێژەى لەسەدا 250% بەرزبووەوە

کرێکارێک لەکاتی دروستکردنی دیوارێکی چیمەنتۆ لە سووریا. فۆتۆ: AP
کرێکارێک لەکاتی دروستکردنی دیوارێکی چیمەنتۆ لە سووریا. فۆتۆ: AP

وەزارەتی بازرگانیی سووریا رایگەیاند، نرخی هەر تۆنێک چیمەنتۆ بۆ یەک ملیۆن و 760 هەزار لیرە زیاد دەکەن، کە دەکاتە لەسەدا 250%ی زیادكردنی نرخی هەر یەک تۆن چیمەنتۆیەك.

بەگوێرەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی بازرگانیی سووریا، هەر تۆنێک چیمەنتۆ پێشتر بە 700 هەزار لیرەی سووری بووە، کە لە ئێستادا دەکاتە نزیکەی 46 دۆلاری ئەمریکی، بەڵام بەگوێرەی ئەو بڕیارە تازەیە نرخی هەر تۆنێک چیمەنتۆ بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی 118 دۆلاری ئەمریکی.

ئەو بڕیارە ناڕەزایەتیی هاوڵاتیانی لێکەوتووەوە و دەڵێن، مووچەی زۆربەی مووچەخۆران لە نێوان 200 هەزار تاوەکو 500 هەزار لیرەدایە، بەو بەرزکردنەوەیەی نرخی چیمەنتۆ، مووچەی بەشێکی زۆر لە کارمەندان بەشی کڕینی دوو کیسە چیمەنتۆ ناکات.

هاوکات لەگەڵ ئەوەدا نرخی کرێی خانوو بەرزبوونەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و سادەترین خانوو بە 400 هەزار لیرە (26 دۆلاری ئەمریکی) بە کرێ دەدرێت و خانوویەکی گونجاو کرێکەی زیاتر لە یەک ملیۆن لیرەی سووری (67 دۆلاری ئەمریکی)یە، ئەو نرخانە زۆر بەرزترن لە مووچەی یەک مانگی مووچەخۆرێکی ئاسایی ئەو وڵاتە.

جگە لەوەش بەهای کەرەستەکانی وەک کاشی، بلۆک، سیرامیک و شیش بەرزبووەوە و نرخی یەک تۆن شیش 10 ملیۆن لیرەی سووری، واتە نزیکەی 667 دۆلاری ئەمریکیی تێپەڕاندووە.