کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'نیمیتز'ـی ئەمریکی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوت
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "مارین ترافیک" کە بەدواداچوون بۆ جموجوڵی کەشتییە جیهانییەکان دەکات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی 'یو ئێس ئێس نیمیتز' لە ئاوەکانی باشووری چینەوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتووە، لەکاتێکدا جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ناوچەکە تادێت فراوانتردەبێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیش لەزاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، هەرچەندە پێشتر پلانی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە ئەوەبووە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بگاتە شاری 'دانانگ' لە ناوەڕاستی ڤێتنام، بەڵام رووگەی خۆی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕیوە.
سەرچاوەکان بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هانۆی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەشتە ئاگادارکراوەتەوە، هۆکاری ئەوەشیان بۆ بوونی "بارێکی لەناکاو" گەڕاندووەتەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرماندەیی کەشتییەکانی ئەمریکا لە زەریای هێمن، هەفتەی رابردوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'نیمیتز' چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی لە دەریایی باشووری چین ئەنجامداوە، ئەمەش بەشێکە لە کاری رۆتینی هێزی دەریایی ئەمریکا لە زەریای هێمن و زەریای هیندی.
16/06/2025